ئێران کارگەیەکی نهێنیی درۆن ئاشکرادەکات
نەوەیەکی نوێی درۆنی بۆمبڕێژکراو بەڕێوەیە
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران لە راپۆرتێکی مەیدانیدا، دیمەنی کارگەیەکی نهێنیی بەرهەمهێنانی درۆنـی بۆمبڕێژکراوی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، جیا لەوەی نەوەیەکی نوێی درۆنیان بەڕێوەیە، درۆنەکانی پیشووشیان پەرەی زیاتری پێدراوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکاندا وردتر ئامانجەکان بپێکن و زیانەکانیشیان زیاتر بێت.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، جەخت لە بەرزکردنەوەی توانای وێرانکاریی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان دەکاتەوە و ئاشکرادەکات، بەم نزیکانە جۆرێکی نوێ و پێشکەوتووی درۆن رادەگەیەندرێت و پەیامنێری کەناڵەکە دەڵێت "بەم نزیکانە ناو و تایبەتمەندییەکانی ئەم درۆنە ئاشکرادەکرێت".
بە گشتی لە راپۆرتەکەدا تیشکخراوەتە سەر قۆناخەکانی پەرەپێدان و دروستکردنی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان، بەوردی باس لە کاریگەرییەکانی هێرشی ئەم جۆرە درۆنانە دەکرێت و رایگەیاند، لە رووی هێزی تەقینەوە و قەبارەی زیانەکانەوە تواناکانیان پەرەی زیاتر پێدراوە و پێشخراون، بۆ ئەوەی زۆرترین کاریگەریی وێرانکەریان لە هێرشەکاندا هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، کە تایبەتە بە داهاتووی پیشەسازیی درۆن لە ئێران، رایگەیاند، بەرهەمهێنانی جۆرێکی نوێی درۆنکراوە. هەرچەندە ئێستا زانیاریی تەواوەتی لەسەر درۆنەکە نەخراوەتەڕوو، بەڵام لە راپۆرتەکەدا دووپاتدەکرێتەوە، بەم نزیکانە ناو و تایبەتمەندییە تەکنیکی و جەنگییەکانی ئەم درۆنە نوێیە بە فەرمی بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێت.