ئەمریکا: چاوەڕوانین بەغدا بەڵێنەکانی بەرامبەر ترەمپ جێبەجێ بکات

لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەتی ماڵپەڕی کوردستان24 سەبارەت بە پرسی دەروازە سنوورییەکان و دەنگۆی داواکارییەکانی واشنتن لە حکوومەتی عێراق، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چاوەڕوانە سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەند بێت بەو بەڵێنانەی لە مانگی تەممووزدا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای داوە. هاوکات جەختی کردەوە کە تاران مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیاکان بۆ دزینی سامانی گەلی عێراق و تێکدانی سەروەریی ئەو وڵاتە.

پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوای ئەوەی لە چەند لە زاری بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابخات، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوانە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەواوی پابەند بێت بەو بەڵێنانەی لە مانگی تەممووزدا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایداوە؛ سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک لە نێو خاکی عێراق یاخود لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر لایەنەکانی تر، و بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئەمریکی-عێراقی کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا بێت."

دەربارەی دەستێوەردانەکانی تاران لە پرۆسەی سیاسی و ئابووریی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد: "ئامانجی ئێمە بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە؛ ئەویش هەبوونی عێراقێکی خاوەن سەروەری، پارێزراو و ئاوەدانە کە خزمەت بە گەلەکەی بکات و ئاسایشی ناوچەکە بەهێزتر بکات. ئێران هیچ ڕۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەرانەی لەم هەوڵەدا نییە؛ تاران لایەنێکی تەواو بێ‌متمانەیە و مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ تاڵانکردن و دزینی سامانی گەلی عێراق و هەڕەشەکردن لە سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە."

ئەم پەیامە توندەی واشنتن لە کاتێکدایە کە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و دراوسێکانی و داماڵینی میلیشیا چەکدارەکان لە سەرچاوەکانی داهات، بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین تەوەرەکانی گفتوگۆی ئەمنی و سیاسی لە نێوان بەغدا و کۆشکی سپیدا.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، حوسێن شیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: لە میانی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ڕابردووی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داخوازیی فەرمیی ئەمریکا پرسی داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی خستووەتە بەر باس.

شیحانی ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەکەدا بە توندی دژی ئەو پێشنیاز و بڕیارە وەستاونەتەوە و بە هەموو شێوەیەک جێبەجێکردنی ئەو داواکارییەی ئەمریکایان رەت کردووەتەوە.

ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوەی سادیقوون لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریی دا و گوتی: ئەگەر حکوومەتی عێراق لە ژێر هەر گوشارێکدا بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات، ئەوا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بێدەنگ نابن و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە و فەرمیی خۆیان رادەگەیەنن.

چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، عێراق دەروازەی سنووریی "شەیب"ـی لەگەڵ ئێران لە پارێزگای میسان داخست. بەپێی میدیاکانی ئێران بڕیارەکە لە نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچووە.

سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسـی راگەیاندبوو، دەروازەی "شەیب" لە پارێزگای میسان، لە دیوی ئێران بە دەروازەی چەزابە دەناسرێت، تاوەکو کاتێکی نادیار داخراوە و هۆکارەکانیش دیار نین.

فرانس پرێس لە چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقییەوە گواستبووەیەوە، ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاد کردووە بۆ ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات. مەبەست لەم هەنگاوە توندکردنی گەمارۆکانی سەر تارانە. هەروەها ئاشکرایان کردبوو، ئەو داواکارییە لە کۆبوونەوەی مانگی رابردووی ئەمریکییەکان لەگەڵ عەلی زەیدی لە نیویۆرک خراوەتەروو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەموو دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران دادەخرێن و تەنیا دوو دەروازە کراوە دەبن، یەکێکیان لە نێوان عێراق و ئێرانە و ئەوەی دیکەیان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەبێت.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومیدا گەیشتە واشنتن.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، ئەم سەردانە هەوڵێکی جددییە بۆ پەرەپێدانی ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و گۆڕینیان بۆ هاوبەشییەکی گەشەپێدانی کارا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کردبوو، تاران پێشتر بەربەست و بارگرانییەکی گەورە بووە لەسەر عێراق و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گێچەڵکاری ئەو ناوچەیە بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە لە چوار مانگی رابردوودا بەراورد بە رابردوو، هێزی سەربازیی ئێران زۆر کەم بووەتەوە و بە گوتەی ترەمپ، ئەم گۆڕانکارییانە دەرفەت دەداتە عێراقییەکان کە بڕیاری سیاسیی خۆیان بە سەربەخۆیی بدەن و لە ژێر فشاری دەرەکی رزگاریان بێت.

هەروەها رایگەیاندبوو: رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی هاتووە، بەو پێیەی ئێران خۆی یەکەم لایەن بووە پێشێلکاریی ئەنجامداوە و هێرشی کردووە. سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ترەمپ روونی کردەوە، پێویستییان بە هێشتنەوەی سوپا لە عێراقدا نابێت، بەڵکو ئێستا ئامادەیی ئەمریکا لە عێراق، تەنیا بۆ مەبەستی هاوکاری، راوێژکاری و پاراستنی هاوبەشە ئەمنییەکانە.