ئەمریکا: چاوەڕوانین بەغدا بەڵێنەکانی بەرامبەر ترەمپ جێبەجێ بکات

لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەتی ماڵپەڕی کوردستان24 سەبارەت بە پرسی دەروازە سنوورییەکان و دەنگۆی داواکارییەکانی واشنتن لە حکوومەتی عێراق، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چاوەڕوانە سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەند بێت بەو بەڵێنانەی لە مانگی تەممووزدا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای داوە. هاوکات جەختی کردەوە کە تاران مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیاکان بۆ دزینی سامانی گەلی عێراق و تێکدانی سەروەریی ئەو وڵاتە.

پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026، دوای ئەوەی لە چەند لە زاری بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابخات، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوانە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەواوی پابەند بێت بەو بەڵێنانەی لە مانگی تەممووزدا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایداوە؛ سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک لە نێو خاکی عێراق یاخود لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر لایەنەکانی تر، و بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئەمریکی-عێراقی کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا بێت."

دەربارەی دەستێوەردانەکانی تاران لە پرۆسەی سیاسی و ئابووریی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد: "ئامانجی ئێمە بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە؛ ئەویش هەبوونی عێراقێکی خاوەن سەروەری، پارێزراو و ئاوەدانە کە خزمەت بە گەلەکەی بکات و ئاسایشی ناوچەکە بەهێزتر بکات. ئێران هیچ ڕۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەرانەی لەم هەوڵەدا نییە؛ تاران لایەنێکی تەواو بێ‌متمانەیە و مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ تاڵانکردن و دزینی سامانی گەلی عێراق و هەڕەشەکردن لە سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە."

ئەم پەیامە توندەی واشنتن لە کاتێکدایە کە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و دراوسێکانی و داماڵینی میلیشیا چەکدارەکان لە سەرچاوەکانی داهات، بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین تەوەرەکانی گفتوگۆی ئەمنی و سیاسی لە نێوان بەغدا و کۆشکی سپیدا.

سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و پاش کەمێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوانیان دەستپێدەکات.

سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشە کۆشکی سپی لە واشنتن و، لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لێ کرا.

ترەمپ لە بەردەم کۆشکی سپی، لە میانەی پێشوازییکردنی زەیدی، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: ئێمە عێراقمان خۆش دەوێت، هەروەها زەیدی کەسێکی زۆر باشە و دەتوانێت بە باشی نوێنەرایەتیی عێراقییەکان بکات.

بە پێی زانیارییەکانی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن رایگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی، نزیکەی کاتژمێرێک بخایەنێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکە باس لە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ بکرێت، بە تایبەت باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکرێت.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومیدا گەیشتە واشنتن.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی زەیدی، ئەم سەردانە هەوڵێکی جددییە بۆ پەرەپێدانی ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و گۆڕینیان بۆ هاوبەشییەکی گەشەپێدانی کارا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا بکات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، تاران پێشتر بەربەست و بارگرانییەکی گەورە بووە لەسەر عێراق و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گێچەڵکاری ئەو ناوچەیە بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە لە چوار مانگی رابردوودا بەراورد بە رابردوو، هێزی سەربازیی ئێران زۆر کەم بووەتەوە و بە گوتەی ترەمپ، ئەم گۆڕانکارییانە دەرفەت دەداتە عێراقییەکان کە بڕیاری سیاسیی خۆیان بە سەربەخۆیی بدەن و لە ژێر فشاری دەرەکی رزگاریان بێت.

هەروەها رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی هاتووە، بەو پێیەی ئێران خۆی یەکەم لایەن بووە پێشێلکاریی ئەنجامداوە و هێرشی کردووە. سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ترەمپ روونی کردەوە، پێویستییان بە هێشتنەوەی سوپا لە عێراقدا نابێت، بەڵکو ئێستا ئامادەیی ئەمریکا لە عێراق، تەنیا بۆ مەبەستی هاوکاری، راوێژکاری و پاراستنی هاوبەشە ئەمنییەکانە.