سێنتکۆم ئەنجامی 100 رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەی دژ بە ئێران دەخاتە روو
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بە تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی (دیواری پۆڵایین) دژ بە ئێران، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە رێگریکردن لە هەناردەکردنی بەهای لانیکەم 25 ملیار دۆلار لە نەوتی خاوی ئەو وڵاتە.
پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: ئەمڕۆ 100 رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ناسراو بە (دیواری پۆڵایین) لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دژ بە ئێران تێپەڕ دەبێت.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەوڵ و ئۆپەراسیۆنە دەریاییە چڕە سەرکەوتوو بووە لەوەی ڕێگری لە هەناردەکردنی بەهای لانیکەم 25 ملیار دۆلار لە نەوتی خاوی ئێران بکات، بەمەش دەسەڵاتدارانی تارانی لە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی دارایی بێبەش کردووە.
هەر بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی پەکخستنی تواناکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دابینکردنی دارایی و پڕچەککردنی میلیشیا بریکارەکانی، تۆڕە تاوانکارییەکان و چالاکییە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.
سێنتکۆم جەختیشی لەوە کردەوە، لە ماوەی ئەم 100 رۆژەدا، هیچ جۆرە پرۆسەیەکی هەناردەکردن یان هاوردەکردن لە رێگەی دەریاوە بۆ نێو خاکی ئێران و بەپێچەوانەشەوە ئەنجام نەدراوە، تەنیا ئەو بار و هاوکارییە مرۆییانە نەبێت کە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رێگەپێدانی فەرمییان بۆ کراوە.
بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 14ـی تەممووزی 2026، هێزەکانی ئەو وڵاتە، بۆ جاری دووەم گەمارۆیان بەسەر ئێران سەپاند و تا ئێستاش بەردەوامە.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، زیانی رۆژانەی ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆیە دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار.