وەزارەتی ناوخۆ بوونی درۆن و هێزی سەربازیی ئۆکراینا لە هەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە بوونی درۆن یاخود هێزێکی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمدا دەکەن، هاوکات جەخت لە سیاسەتی نەگۆڕی هەرێم بۆ پاراستنی بێلایەنی و سەقامگیری دەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵانە رەت دەکەینەوە لە ژمارەیەک دەزگای راگەیاندندا سەبارەت بە بوونی درۆن یان هێز و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە". وەزارەت جەختیشی کردەوە کە سەرلەبەری ئەم بانگەشانە ناڕاست و بێبنەمان.
وەزارەتی ناوخۆ تیشکی خستووەتە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە "جەخت لەسەر هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی و خۆبەدوورگرتن لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان هەر هەوڵێک بە تەواوی رەت دەکاتەوە کە بیەوێت خاکی هەرێم وەک پێگەیەک بۆ هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هەر وڵاتێک بەکاربهێنێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا دووپات کراوەتەوە کە، "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانمانە، و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێوەگلان یان پەلکێشکردنی هەرێم بۆ ناو ئەو ململانێیانە نادرێت".