تەندروستیی جیهانی: شەڕی یەمەن زیاتر لە 8500 قوربانیی لێکەوتووەتەوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند: بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکان لە یەمەن لە سەرەتای مانگی ئابی رابردووەوە، هەشت هەزار و 513 کەس بوونەتە قوربانی، هاوکات هۆشداریی دا لە قووڵبوونەوەی کارەساتی مرۆیی و داڕمانی کەرتی تەندروستیی ئەو وڵاتە.

پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆی ژمارەی قوربانیان و بریندارانی شەڕ و پێکدادانە هەڵکشاوەکانی یەمەن لە سەرەتای مانگی ئابی رابردووەوە گەیشتووەتە هەشت هەزار و 513 کەس؛ کە لە نێویاندا هەزار و 574 کەس کوژراون و شەش هەزار و 939 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوودا لە یەمەن 292 کەس کوژراون و هەزار و 48ـی کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش گوزارشت لە هەڵکشانی خێرای ئاستی توندوتیژییەکان لە ناوچەکانی بەرەکانی شەڕدا دەکات.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی روونی کردەوە، کە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕە زەمینییەکان، بە تایبەتی لە بەرەکانی سنووری پارێزگای تەعز و ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر دەریای سوور.

هەروەها رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە هۆشداریی توندی دا لە خراپتربوونی کارەساتی مرۆیی لە یەمەن، کە زیاتر لە 10 ساڵە بە دەست لێکەوتەکانی شەڕێکی بەردەوامەوە دەناڵێنێت، جەختیشی کردەوە کە زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاریی خێرای مرۆیی هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانیان، لە کاتێکدا سیستەمی تەندروستی بەهۆی بەردەوامیی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانەوە لەبەردەم مەترسیی داڕمانی تەواوەتیدایە.

بە پێی راپۆرتەکە، ئەو ئاگربەستەی لە نیسانی ساڵی 2022 بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکردبوو، لە مانگی تەممووزی 2026ـدا بە تەواوەتی داڕما، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان بە درێژایی هێڵەکانی رووبەڕووبوونەوە لە دوای قۆناخێک لە هێوربوونەوەی رەوشەکە.