بەغدا و ریاز کار بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەکەن

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، جەختی لە گرنگیی خستنەڕووی دەستپێشخەرییەکی هەرێمی کردەوە کە بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و هێنانەدیی هێوربوونەوە و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، بە وردی تاوتوێی دەرئەنجام و دەستکەوتەکانی کۆنفرانسی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیی کردووە کە لە ماوەی رابردوودا لە بەغدای پایتەخت بەڕێوە چوو.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا خرانە بەر باس.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا تیشکیان خستووەتە سەر دواهەمین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا جەختیان لە گرنگیی پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییەکی گشتگیری هەرێمی کردووەتەوە کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی هەڵکشانی سەربازی و بەدیهێنانی هێوربوونەوەیەکی راستەقینە.

فوئاد حوسێن و فەیسەڵ بن فەرحان، دووپاتیان کردووەتەوە پێویستە پرۆسەی پەیوەندی، لێکتێگەیشتن و راوێژی بەردەوامی نێوان بەغدا و ریاز لە بارەی سەرجەم پرسە هاوبەشەکان بەردەوامیی هەبێت لە پێناو پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەدا.