سەروان ئاکرەیی: داخستنی دەروازەکان بۆ دوورخستنەوەی عێراقە لە شەڕ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵ و رێکارەکانی بەغدا بۆ داخستنی بەشێک لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵات و دوورخستنەوەیەتی لە گڕی هەر ململانێ و شەڕێکی ناوچەیی لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا.
سەروان تەها ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی دەروازە سنوورییەکان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی بە کوردستان24 رایگەیاند: ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری فراوانبوونی شەڕێکی سەربازیی گەورەدایە و سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئامادەکاریی سەربازی لە لایەن هەموو لایەنەکانەوە کراوە، روونیشیکردەوە، عێراق هەوڵ دەدات بە تەواوی خۆی لە بەشداربوون و پەلکێشکران بۆ ناو ئەو شەڕە بپارێزێت.
ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە پرسی داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی دەروازەی "ئەلشیب" لە پارێزگای میسان و هەوڵەکان بۆ دەروازەکانی دیکەی وەک مەندەلی، بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی چەک، کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، و رێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار و ماددە بێهۆشکەرەکان، گوتیشی: هەرچەندە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان ئەم هەنگاوە رەتدەکەنەوە و وەک هێڵی سوور دەیبینن، بەڵام بەرژەوەندیی باڵای عێراق لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەیدایە.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی عێراق لە بەرزترین ئاستی یاسایی و کۆنترۆڵدان و هیچ کێشەیەکی ئەمنی و قاچاخچێتییان تێدا نییە، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پابەندی دەستوور و یاسا بووە و ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا"
بەو مەرجەی شایستە داراییەکانی هەرێم بەپێی دەستوور و یاسای کارگێڕیی دارایی بە رێژەی 50%ـی داهاتی دەروازەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.