بەهۆی لافاوەوە لە سەڵمازی ورمێ سێ کەس گیانی لەدەستدا
بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هەستانی لافاو لە سنووری شاری سەڵماس، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیانی ماددی بەر دەیان کەس کەوتووە.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ئیرنا" ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی لافاوەکەدا کچێکی تەمەن 10 ساڵان لەناو ئۆتۆمبێلێکدا کە ئاو گەمارۆی دابوو گیانی لەدەستدا؛ دوای دەرهێنانی لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە، تەرمەکەی رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا، هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندار بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گوازرانەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لافاو لە گوندەکانی شووریک، سیلاب، کانیان، شەکەریازی و مافی کەندی سەر بە شاری سەڵماس هەستاوە و بەهۆیەوە زیان بە 17 خانووی نیشتەجێبوون گەیشتووە کە 78 هاووڵاتیی گوندنشین تێیاندا نیشتەجێ بوون.
لەلایەکی دیکەوە، حامد سەفاری، بەڕێوەبەری ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ورمێ رایگەیاند، دوای بارینی باران و تەرزەی بەخوڕ لە پارێزگای ورمێ لە سنووری سەڵماس، بەداخەوە گوندەکانی کانیان، شوریک، شەکەریازی و مافیکەندی کەوتنە بەر کاریگەریی بارانەکە و تووشی لافاو بوون.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، هەر لە چرکەساتە سەرەتاییەکانەوە لەسەر فەرمانی پارێزگار، سەرجەم دەزگاکانی فریاگوزاری و خزمەتگوزاری بە سەرپەرشتیی فەرمانداری سەڵماس لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون و دەستیان بە رێکارەکانی فریاگوزاریی کرد، و بەداخەوە تاوەکو ئەم ساتە سێ هاووڵاتیی ئازیزمان لەم رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، تەرمەکانیان لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوەتەوە.
سەفاری ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی دەرکەوتنی دیاردەی ئێل نینۆ، ئێمە شایەتی دیاردەیەکی دەگمەنین کە بەرزیی تەرزەی کەڵەکەبوو لە ماڵ و کۆڵانەکانی گوندەکاندا گەیشتووەتە 70 سانتیمەتر، کە ئەمەش دیاردەیەکی دەگمەنە و جێگەی لێکۆڵینەوەیە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان و کەشناسییەوە. هەروەها جەختیکردەوە، ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری بەردەوامە و بەردەوام دەبن تاوەکو لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هاوکاری بگەیەننە تەواوی هاووڵاتییان لەم گوندانەدا.