لە 80% ـی کارەکانی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەولێر تەواوکراون

کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی 150 تەختیی شێرپەنجە لە شاری هەولێر بە خێرایی بەردەوامە و تا ئێستا لە 80% کارەکانی تەواو بووە، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.

پڕۆژەی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی هەولێر لەسەر رووبەری 30 هەزار مەتری دووجا دروست دەکرێت و لە پێنج نهۆم پێکدێت (نهۆمێکی ژێرزەمین و چوار نهۆمی سەرەوە). لە 80% کارەکانی بیناسازی و بەشە کارەبایی و میکانیکییەکانی تەواو بووە و قۆناغەکانی تەواوکاری (فینیشینگ) و رووکەشی دیوارەکان بە خێرایی بەڕێوەدەچن.

کارزان نیعمەت، بەڕێوەبەری ئەندازیاری لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ھەولێر  بە کوردستان24 رایگەیاند "پڕۆژەکە بە بەرزترین کوالێتی و پێوەرە جیهانییەکان جێبەجێ دەکرێت، هاوکات کار بۆ دابینکردنی پێشکەوتووترین و نوێترین ئامێرە پزیشکییەکان دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی بیناکەدا سەرجەم ئامێرەکان دەگەیەندرێنە نەخۆشخانەکە."

ئەم نەخۆشخانەیە بە چاودێریی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگیی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ دەکرێت، لە رووی پێشکەوتن و چۆنیەتیی خزمەتگوزارییەوە، دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی تەندروستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها وەک سێیەمین نەخۆشخانەی پێشکەوتووی شێرپەنجە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆلێن دەکرێت.

بە تەواوبوون و کەوتنەگەڕی ئەم نەخۆشخانە مۆدێرنە، بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی تووشبووانی شێرپەنجە لادەچێت و پێویستیی نەخۆشانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق بە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر کۆتایی پێدێت.