پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل.. ناتانیاهۆ هەڕەشەی وەڵامێکی توند لە تاران دەکات

بە مەبەستی تەاوکردنی ئامانجەکەی بۆ لەناوبردنی حکوومەتی ئێران، ناتانیاهۆ داوا لە دەنگدەران دەکات دووبارە متمانەی پێ ببەخشنەوە و بۆ جارێکی دیکە دەنگی پێبدەن.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان ئیسرائیل کە بڕیارە لە 27ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچن، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە دەنگدەران کرد دەرفەتی پێبدەنەوە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکەی کە تەواوی ژیانی سیاسیی خۆی بۆ تەرخان کردووە، ئەویش دۆسیەی ئێرانە.

رۆژنامەی "جێرسالەم پۆست" لەسەر زاری ناتانیاهۆوە بڵاویکردەوە، هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و "مۆساد" زانیاری و "هۆشداریی روونیان" پێشکەش کردووە کە ئاماژە بەوە دەکەن ئێران و هاوپەیمانەکانی لێکۆڵینەوە لە ئامرازەکان دەکەن بۆ کاریگەریخستنە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

ناتانیاهۆ هۆشداریشی دا لە ئەگەری بەکارهێنانی مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) بە ئامانجگرتنی ئەو دەستکەوتانەی کە ئیسرائیل لە هەڵمەتە سەربازییەکاندا بەدەستیانهێناون، و هۆشدارییدا و گوتی: "ئەگەر ئەوە بکەن، هەڵەیەکی کوشندە دەبێت، چونکە ئێمە بە هێزێک و رێگەیەک وەڵام دەدەینەوە کە تەنانەت ناتوانن وێنەشی بکەن".

ناتانیاهۆ جەختی کردەوە: "تاوەکو دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانیان دەدەن". و گوتیشی: ئامانجم تێکشکاندنی رژێمی بکوژی ئێرانە، و لابردنی ئەو مەترسییەیە کە لەسەرمانە، لەگەڵ بەستنی چەندین پەیماننامەی ئاشتی.

ناتانیاهۆ گوتیشی،  دونالد ترەمپ، ئێران بە مەترسی بۆ سەر شارەکانی ئەمریکا دەبینێت، هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ بەدیهێنانی سێ ئەرکی سەرەکی کردەوە: بەهێزکردنی بنکەی پشتیوانیی ئێستای ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، بەرپاکردنی جەنگی راگەیاندن، و فراوانکردنی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانی ئیسرائیل.