تەندروستیی هەولێر وردەکاریی نەخۆشخانە نوێیەکان ئاشکرا دەکات
بەڕێوەبەری ئەندازە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژە بە ژمارەیەک پرۆژەی تایبەت دەکات و رایدەگەیەنێت، ، لە کابینەی نۆیەمدا نزیکەی 27 بنکەی تەندروستیی نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر دروستکراون و بەرنامە دانراوە بۆ دروستکردنی 10 تا 15 بنکەی تەندروستیی دیکە.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەندازیار کارزان نیعمەت، بەڕێوەبەری ئەندازە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، وردەکاری پرۆژەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە و ژمارەیەک پرۆژەی دیکەی تەندروستی لە هەولێر ئاشکرا کرد و سەرەتا وردەکاری لەبارەی نەخۆشخامەی 150 تەختەیی شێرپەنجەی خستەڕوو.
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت شەش مانگ پێش وادەی خۆی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و کارکردن تێیدا بە شێوەی بەردەوام (16 بۆ 24 کاتژمێری بە شێفتی جیاواز) بەڕێوەدەچێت 80%ـی تەواوی کارەکانی تەواو کراوە و لە ساڵی داهاتوودا سەرجەم کارەکانی تەواو دەکرێت و لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە رادەست دەکرێت.
هەروەها گوتی، گەورەترین نەخۆشخانەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رووی پێشکەوتوویی ئامێرە پزیشکییەکانەوە لە پلەی سێیەمدایە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامێرەکانی هاوتای نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی دەرەوەی وڵاتن و پێشتر نەخۆش ناچار بوو بۆ چارەسەری شێرپەنجە روو لە دەرەوەی وڵات بکات کە 20 بۆ 25 هەزار دۆلاری تێدەچوو، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم نەخۆشخانەیە خەرجییەکە لەسەر وەزارەتی تەندروستی و سندووقی شێرپەنجە و هاووڵاتییان کەم دەبێتەوە و چارەسەرەکان بە بڕە پارەیەکی رەسمیی زۆر کەم (وەک پلیتی ئاسایی 250 یان 500 دیناری) لە ناوخۆدا پێشکەش دەکرێن.
دەربارەی بنکە تەندروستییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، کارزان نیعەت باسی لەوە کرد، لە چوارچێوەی ماستەرپلانی فراوانبوونی شاری هەولێر و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان کە نزیکەی 2.5 ملیۆن کەسە، لە کابینەی نۆیەمدا نزیکەی 27 بنکەی تەندروستیی نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر دروستکراون و بەرنامە دانراوە بۆ دروستکردنی 10 تا 15 بنکەی تەندروستیی دیکە بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانەی لە سنووری هەولێر دروست دەکرێن و هەروەهابۆ دابینکردنی زەوی، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ پارێزگا و سەرۆکایەتیی شارەوانی هەبووە و دەستبەجێ بەبێ رۆتین زەوی بۆ بنکەکان تەرخان کراوە.
بەڕێوەبەری ئەندازە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتیشی، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، گرێبەستێک بە گوژمەی نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار لەگەڵ بەغدا ئەنجامدراوە بۆ دابینکردنی ئامێر، مەواد و چارەسەری شوشتنی گورچیلە بە بێبەرامبەر و لەو بڕە، بەشەپشکی پارێزگای هەولێر بە نزیکەی 25 بۆ 45 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت (کە گرێبەستی کارپێکردن/تەشغیلی 5 ساڵە و گرێبەستی فراوانکردن/تەوسعە دەگرێتەوە). بەشێکی گرێبەستی تەوسعە بەم نزیکانە لە بەغدا تەواو دەکرێت بۆ دروستکردنی سەنتەرێکی نوێی شوشتنی گورچیلە لەناو نەخۆشخانەی رزگاری کە شوێنەکەی دیاریکراوە.
دەربارەی پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم لە کەرتی تەندروستی لە سنووری هەولێر، کارزان نیعمەت ئاماژەی بەوە کرد، تا پێش ساڵی 2020 لە سنووری هەولێر نزیکەی 19 نەخۆشخانە هەبوون، لە ساڵی 2020ـەوە تا ئێستا، بە گوژمەی 378 ملیار و 525 ملیۆن دینار پڕۆژەی تەندروستی لە بودجەی حکوومەت، کەرتی وەبەرهێنان، رێکخراوە خێرخوازییەکان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا ئەنجامدراون.
پڕۆژە نوێیەکان:
نەخۆشخانەی 50 تەختیی قوشتەپە: هەیکەلەکەی تەواو بووە.
نەخۆشخانەی دەروونی لە هەولێر: پێشتر نەبوو، ئێستا 70% بۆ 80%ـی کارەکانی تەواو بووە.
نەخۆشخانەی 50 تەختیی فریاکەوتنی بەحرکە: لەژێر جێبەجێکردندایە.
نەخۆشخانەی گوێڕ: تەواو کراوە.
کارکردن لە داهاتووی نزیکدا: دەستپێکردنەوەی کار لە پڕۆژەی نەخۆشخانەی 200 تەختیی لەدایکبوون لە هەولێر و نەخۆشخانەی 100 تەختیی خەبات.