بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما؛ 50 هەزار کەس لە ئەوروپا گیانیان لەدەستدا

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری "نەیچەر هێڵس" بڵاوکراوەتەوە، هاوینی ئەمساڵ گیانلەدەستدان بەهۆی گەرما لە ئەوروپا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە، بەجۆرێک 50 هەزار و 390 کەس بەهۆکارەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە 850 شاری ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە هاوینی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە ئەوروپا بە ڕێژەی 71% بەرزبووەوە، ئەوەش وەک ئاستێکی پێوانەیی مەترسیدار هەژمار دەکرێت.

هەروەها باس لەوە کراوە، لە مانگەکانی حوزەیران و یایاری ئەمساڵدا، پلەی گەرما بەتێکڕا 5.3 پلە بەرزتر بووە لە پلەی گەرمای ئاسایی، و ئەم شەپۆلە گەرمایە زۆرینەی شارەکانی ئەوروپای گرتووەتەوە. وڵاتانی ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیاش زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدانیان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە تۆمارکردووە.

بەپێی راپۆرتی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) کە لە مانگی ئەیلوول بڵاو کراوەتەوە، بەهۆی بەردەوامیی سووتاندنی خەڵووز، نەوت و گاز، تێکڕای پلەی گەرمای زەوی لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو ئاستە سەلامەتە دەبەزێنێت کە لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریسی 2015دا لەسەری رێککەوتبوون.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە مرۆڤایەتی بە خێرایییەکی مەترسیدار لەو هێڵە تێپەڕیوە کە رێگری لە کارەساتی کەشوهەوا دەکرد، هاوکات داتاکان دەریدەخەن ئێستا زەوی 1.4 پلە گەرمتر بووە و ئەگەر سیاسەتی وڵاتان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا ساڵی 2100 پلەی گەرما بە رێژەی 2.6 پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە.