هەولێر و بەغدا دوایین گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی بودجە دەکەن
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی بە مەبەستی ئەنجامدانی دواهەمین گەڕی گفتوگۆکان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە، سەبارەت بە دەستکاریکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027 و یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم، کۆدەبێتەوە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدای پایتەختی عێراق.
بە پێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بڕیارە سبەی شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە کۆببێتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە بریتییە لە: گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2027، بە تایبەت دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ئەو پشکەی رەتکردەوە کە لە ناو ڕەشنووسەکەدا بۆ هەرێم دەستنیشان کرابوو.
دیلان بارزان ئەوەشی خستەڕوو، ئەم گفتوگۆیانەی سبەی نێوان شاندەکەی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق، وەک دواهەمین گەڕی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا هەژمار دەکرێت؛ چونکە بە پێی خشتەی کار، بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا رەشنووسی بودجەکە لە وەزارەتی داراییەوە بە فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت بۆ پەسەندکردنی.
رەشنووسی یاسای بودجەی 2027، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە لەسەر بڕگە داراییەکان و پشکی پارێزگاکان، لە ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراقەوە گەڕێندرابووەوە بۆ وەزارەتی دارایی تا هەموارکردن و پێداچوونەوەی پێویستی بۆ ئەنجام بدرێت.