ترەمپ: توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئێرانمان هەیە
"دەتوانین دەست بەسەر تەواوی نەوتی ئێراندا بگرین"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: گەرووی هورمز بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و وڵاتەکەی توانای هەیە بە خێرایی کۆتایی بە ئاڵۆزییە درێژخایەنەکان لەگەڵ تاران بهێنێت. هاوکات هۆشداریی لە داڕمانی دۆخی ئابووری و سەرهەڵدانی هەڵاوسانی توند لە نێوخۆی ئێراندا دا.
هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: "ئێمە بە شێوەیەکی تەواوەتی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە، هاوکات بڕێکی زۆر لە نەوت لە رێگەی گەرووەکەوە دەگوازینەوە."
هاوکات ئاماژەی بە دۆخی نێوخۆیی ئێران کرد و ئاشکرای کرد، ئێران بەدەست هەڵاوسانێکی گەورەوە دەناڵێنێت و رووی لە داڕمانە؛ ئێمەش دەتوانین زۆر بە خێرایی کۆتایی بەو شەڕ و ململانێیە بهێنین کە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.
سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم واشنتن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، ترەمپ روونی کردەوە: پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا دەمانەوێت بابەتەکە یەکلا بکەینەوە، یان وازی لێ بهێنین تا خۆی بەرەو کاڵبوونەوە و نەمان بچێت؟
جەختیشی کردەوە، "توانای ئەوەمان هەیە دەست بەسەر تەواوی نەوتی ئێراندا بگرین و بە تەواوەتی کۆنترۆڵی وڵاتەکە بکەین."
هەروەها گوتیشی: ئێران لە دۆخی ئیفلیجیی تەواودا دەهێڵینەوە، هەروەک چۆن ئێستا لەو دۆخەدایە، چونکە ئێمە کارێکی زۆر باشمان لەوێ ئەنجام داوە.
سەرەڕای ئەو هەڕەشانە، ترەمپ ئاماژەی بە بوونی کەناڵی دیپلۆماسی کرد و ئاشکرای کرد، گفتوگۆ و دانوستانی بونیاتنەر لەگەڵ ئێران بەڕێوە دەبەن، هاوکات دووپاتی کردەوە کە، پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس هیچ هێرشێک ناکەنە سەر ئەو وڵاتە.