ئوردن.. شەش کەس لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کڵێسایەک کوژران

لە پارێزگای کەرەک لە ئوردن، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان لە بەشداربووانی مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمێک لە نێو کڵێسایەکدا کرد، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەزگای ئاسایشی گشتی، بەهۆی پەلامارەکەوە لانیکەم شەش کەس گیانیان لەدەست داوە و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هێرشێکی چەکداریی تاوانکاری، مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمێکی لە کڵێسایەکی پارێزگای کەرەکی ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج، کە لە ئاکامدا دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، چەکدارە نەناسراوەکان دەستڕێژی گوللەیان لە بەشداربووانی مەراسیمەکە لە نێو کڵێساکەدا کردووە، بەهۆیەوە لانیکەم شەش کەس کوژراون و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و بەرفراوان دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی ناسنامەی تاوانباران و هۆکارەکانی پشت ئەو تاوانە.

لە لایەکی دیکەوە، شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە لێدوانێکدا پەلامارەکەی سەر پارێزگای کەرەکی بە توندی شەرمەزار کرد و رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بە توندترین سزا رووبەڕووی ئەم کارە تیرۆریستییە دەبێتەوە. 

شا عەبدوڵڵا گوتی: "هەر کەسێک وەهمی ئەوەی هەبێت فیشەکی خیانەت و ناپاکی دەتوانێت درز بخاتە نێو ریزەکانی گەلی ئوردنەوە، لەبەردەم پتەوی و یەکڕیزیی گەلەکەماندا تووشی شکستی گەورە دەبێت".

شای ئوردن جەختی لەوەش کردەوە، بە مشتێکی پۆڵایین لە هەر کەسێک دەدەین کە بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتەکەمان. هەروەها دڵنیایی دا کە سەرجەم رێکارە ئەمنییە پێویستەکان بۆ لێکەوتەکانی ئەو رووداوە گیراونەتەبەر.

لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی شەرمەزار کرد. بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، سەرکۆنەی تەواوی هێرشەکەی سەر هاووڵاتییانی کریستیانی لە کاتی مەراسیمی پرسەکەدا کرد.

فوئاد حسێن هاوسۆزی و پشتیوانیی بەغدای بۆ شانشینی ئوردن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دەربڕی و سەرەخۆشیی خۆی پێشکەشی خێزانی قوربانییان و گەلی ئوردن کرد.

ئاماژەی بەوەش دا، کە ئامانجی تیرۆر هەمیشە نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوەیە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، گەلی عێراق بەهۆی ئەزموونی درێژخایەنی لەگەڵ مەترسییەکانی تیرۆردا، پێویستیی هاریکاری و یەکگرتوویی وڵاتان لە دژی ئەم دیاردەیە بە گرنگ دەزانێت.

لە بەرامبەردا ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، پێزانینی وڵاتەکەی بۆ ئەم هەڵوێستە دڵسۆزییە و برایانەیەی عێراق دەربڕی.