تۆم بەڕاک: دەکرێت کۆتایی هەفتە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا ئاشکرای کرد، کە ئەگەری زۆر هەیە هەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا وڵاتەکەی گورزێکی سەربازی بوەشێنێتە سەر ئێران، هاوکات جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای ئامادەیی بۆ وەشاندنی گورز، واشنتن بەدوای گۆڕینی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو ئامانجی دروستکردنەوەی هاوسەنگی و کۆتاییهێنانە بە هەڕەشەکان.
هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هاوکات نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ عێراق و سووریا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا گوتی: ئەگەری ئەوە هەیە هەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەمریکا گورزێکی سەربازی ئاراستەی ئێران بکات و ئەم بژاردەیەش بە تەواوەتی لە ئارادایە.
نێردەکەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەڵوێستی کۆشکی سپی و رایگەیاند: ترەمپ هەڵوێستێکی زۆر روونی هەیە؛ ئەو هەمیشە ئامادەیە و دەرگای بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کراوەیە، ئێمەش ماوەی چەندین مانگە بەردەوام لەسەر مێزی دانوستانین.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە بابەتەکانی پەیوەست بە چەکی ئەتۆمی و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و تەواوی ئەو مەرجانە، تەنیا وردەکاریی ئەو قۆناخەن کە پێویستە کۆتاییان پێبهێنرێت.
بەڕاک ئاشکرای کرد، ئێستا واشنتن لە هەوڵی مامەڵەیەکدایە کە بریتییە لە: "ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، هەڵگرتنی سزاکان و کۆتاییهێنان بە بەریەککەوتنی سەربازی، لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی هاوکارییە پێویستەکان بۆ ئیسرائیل".
ئەم لێدوانانەی نێردەی ئەمریکا هاوتایە لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە لە ماوەی رابردوودا جەختی لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی کردبووەوە، بەڵام هاوکات هۆشداریشی دابوو کە: "ئەگەر نەگەینە رێککەوتن و ئێران بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن لە جیهان، هاوپەیمانەکانمان و وڵاتانی کەنداو، ئەوا لێکەوتەی توندی دەبێت."
سەبارەت بە شێوازی ئەو لێکەوتەیە و ئەگەری رووخاندنی دەسەڵاتی تاران، باراک روونی کردەوە: "ئەو لێکەوتەیە گۆڕینی دەسەڵات نابێت؛ سەرۆکی ئەمریکا بە روونی گوتوویەتی کە بایەخ بە رووخاندنی دەسەڵات نادات، بەڵکو دەیەوێت هاوسەنگی دروست ببێتەوە بە جۆرێک هیچ هەڕەشەیەک لە ئارادا نەمێنێت تاوەکو ناوچەکە و جیهان ئارام ببنەوە.