کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: پێگەی کورد هەمیشە پاراستنی سەقامگیری بووە

کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی داوای لە تەواوی کوردستانییانی دیاسپۆرا کرد، کە لە بەرامبەر ئاڵۆزی و گرژییە هەنووکەییەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپادا بەوپەڕی وریایی و هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن و بە تەواوەتی پابەندی دەستوور و سەروەریی یاسای وڵاتانی خانەخوێ بن.

هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە راگەیەنراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم کوردستانییانی تێکۆشەری نیشتەجێی وڵاتانی دەرەوەی کردووە، داوای لێکردن بەوپەڕی هۆشیاری و بەرپرسیاریێتییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن و خۆیان لە هەر نائارامی و پشێوییەک بەدوور بگرن.

لە دەستپێکی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا کە میللەتەکەمان بە مێژوویەکی پڕ لە ئازار، دەربەدەری و ئاوارەییدا تێپەڕی، وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و سەرانسەری جیهان، باوەشی مرۆڤدۆستانەیان بۆ گەلەکەمان کردەوە و بوونە پەناگەیەکی ئارام تاوەکوو لە سایەی یاسا و دیموکراسیدا ژیانێکی سەربەرزانە بنیات بنێینەوە.

لە راگەیەنراوەکە جەخت لەوە کراوەتەوە، کە رەوەندی کوردستانی هەمیشە بە وەفاداری و سوپاسگوزارییەوە دەڕوانێتە ئەو دەرگایانەی لە رۆژە سەختەکاندا بە ڕووی گەلی کوردستاندا کرانەوە.

پەیوەست بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی دەرەوە، کۆنفیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ، سەرەڕای ئەو کێشە، ئاڵنگاری و گرژییانەی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپادا سەریان هەڵداوە، داوا لە تەواوی هاونیشتمانییانمان لە دیاسپۆرا دەکەین بەوپەڕی هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن؛ لە سەرووی هەموو شتێکەوە پابەندی دەستوور، یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتانە بن و بە هیچ شێوەیەک نەچنە سەر شەپۆلی ئەو ئاژاوە و نائارامییانەی کە دروست بوون.

 کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێگەی کوردستانییان هەمیشە پارێزەری ئاشتی، سەقامگیری و شارستانییەت بووە و، باشترین شێوازی دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ وڵاتانی خانەخوێ ئەوەیە کە کوردستانییان ببنە بەشێک لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی یاساکانیان، نەک بەشێک لە ئاڵۆزی و پشێوییەکان.