حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ حکوومەت و گەلی ئوردن دەردەبڕین
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد کە کڵێسایەکی لە پارێزگای کەرەکی وڵاتی ئوردن کردە ئامانج، هاوکات هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوەتیی خۆی بۆ گەل، حکوومەت و سەرکردایەتیی ئەو وڵاتە دووپات کردەوە.
هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لە بارەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە بڵاو کردەوە کە لە پارێزگای کەرەکی وڵاتی ئوردن رووی دا و، تێیدا هاتووە، بە توندترین شێوە ئەو هێرشە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکەین، کە کڵێسایەکی لە پارێزگای کەرەک لە شانشینی ئوردنی هاشمیی دۆست کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا، ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی و بریندار بوون.
هاوکات، حکوومەتی هەرێم نیگەرانی و داخ و پەژارەی قووڵی بەرامبەر بەم کردەوە تاوانکارییە دەردەبڕێت، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها مرۆییەکان و ئەو بنەمایانەیە کە ئازادیی خواپەرستی و پاراستنی شوێنە ئایینییەکان و گیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەستەبەر دەکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی کوردستان کردووەتەوە لە دژی توندڕەوی و دەڵێت: لە کاتێکدا حکوومەت رەتکردنەوەی خۆی بۆ هەموو جۆرەکانی تیرۆر، توندوتیژی و توندڕەوی دووپات دەکاتەوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بەئامانجگرتنی پەرستگاکان و هەوڵەکانی چاندنی تۆوی دووبەرەکی و نانەوەی ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی و، هیچ ئەنجامێکیان نابێت جگە لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ شانشینی ئوردنی هاشمی، بە سەرکردایەتی، حکوومەت و گەلەکەیەوە رادەگەیەنێت و، پرسە، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای هەوڵی هاوبەشی جیهانی دەکات و دەڵێت: جەخت لە گرنگیی پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکەینەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە، لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی کۆمەڵگەکاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرەک لە ئوردن، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان لە بەشداربووانی مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمێک لە نێو کڵێسای "سانت جۆرج" کرد، بەهۆی پەلامارەکەوە لانیکەم شەش کەس کوژران و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون.