ترەمپ: هیچ زانیاریم لە بارەی هێرشکردنە سەر ئێران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا نییە
سەرۆکی ئەمریکا ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکەی سنوورداری بە ناوی "تووڕەییی داستانئاسا"ـی دژی ئێران خستەڕوو، هاوکات ئاماژەی بە بژاردەی گەیشتن بە ڕێککەوتنیش کرد لەگەڵ تاران، لە هەمان کاتدا لێدوانەکانی نێردەکەی سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرش لەم کۆتایی هەفتەیەدا بە پێکەنینەوە رەتکردەوە.
هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا ئەگەری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکەی لە لایەن وڵاتەکەیەوە دژی ئێران بە دوور نەزانی و بژاردەکانی واشنتنی لەو بارەیەوە خستەڕوو.
ترەمپ رایگەیاند: ئەمریکا لەوانەیە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ دژی تاران ئەنجام بدات، بژاردەکان لە نێوان ئەنجامدانی قۆناخێکی نوێ و سنووردار لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەییی داستانئاسا" یان گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران لە ئارادان.
کاتێک لە بارەی لێدوانەکانی تۆم بەڕاک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا پرسیاری لێکرا کە رایگەیاندبوو، ئەگەری ئەوە هەیە لەم کۆتایی هەفتەیەدا گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنرێت، ترەمپ بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیەم لەسەر ئەو بابەتە نییە و لەو وادەیە ئاگادار نیم."
ئەمەش لە کاتێکدایە، تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و هاوکات نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ عێراق و سووریا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا گوتوبووی: ئەگەری ئەوە هەیە هەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەمریکا گورزێکی سەربازی ئاراستەی ئێران بکات و ئەم بژاردەیەش بە تەواوەتی لە ئارادایە.
باسی لەوەش کردبوو، ترەمپ هەڵوێستێکی زۆر روونی هەیە؛ ئەو هەمیشە ئامادەیە و دەرگای بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کراوەیە، ئێمەش ماوەی چەندین مانگە بەردەوام لەسەر مێزی دانوستانین.