دوای دوو بوومەلەرزە هۆشداری تسۆنامی لە زەریای هێمن دەدرێت
ئەمڕۆ شەممە، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 6.9 و 6.3 پلە بە پێوەری رێختەر، کەناراوەکانی ئەرخەپێلی ڤانواتو لە زەریای هێمنیان هەژاند. هاوکات لەگەڵ رووداوەکە، ناوەندی ئاگادارکردنەوەی تسۆنامی لە زەریای هێمن هۆشدارییەکی لە دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی بڵاوکردەوە.
دەستەی راپۆرتی جیۆلۆجی ئەمریکا سەرەتا گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 7.2 پلە خەمڵاندبوو، بەڵام دواتر روونیکردەوە، دوو بوومەلەرزەیان تۆمارکردووە کە گوڕەکەیان 6.9 و 6.3 پلە بووە و لە قووڵاییەکی کەم لە ئاوەکانی دەوروبەری ئەو ئەرخەپێلەدا روویانداوە.
ناوەندی چاودێرییەکە، کە بنکەکەی لە هاوایە، لەبارەی ئەگەری مەترسییەکان رایگەیاند: "بە پشت بەستن بە نیشاندەرە سەرەتاییەکانی بوومەلەرزەکە، ئەگەری ئەوە هەیە شەپۆلی مەترسیداری تسۆنامی لەو کەناراوەنەدا رووبدات کە دەکەونە چوارچێوەی 300 کیلۆمەتریی چەقی بوومەلەرزەکەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی راپۆرتی جیۆلۆجی ئەمریکا، چەقی بوومەلەرزەکە دەکەوێتە 200 کیلۆمەتری باکووری خۆرئاوای پۆرت ئۆلری ڤانواتو.
بوومەلەرزە لە ڤانواتو دیاردەیەکی دووبارەبووە. ئەو ئەرخەپێلە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەڵقەی ئاگری تەکەتۆنی لە زەریای هێمن کە ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزەیییە، ئەو ناوچەیە لە ژاپۆنەوە دەستپێدەکات و بە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و حەوزی زەریای هێمندا تێپەڕ دەبێت.