لە ریاز دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز بیسترا

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس دەنگی دوو تەقینەوە لە ریاز بیسترا. لای خۆیەوە بەرگریی شارستانیی سعوودیە هۆشدارییەکی لەبارەی مەترسیی هێرشێکی ئاسمانیی بڵاوکردەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، تەنیا چەند خولەکێک پاش گەیشتنی هۆشدارییەکە بە دانیشتووان، دوو تەقینەوەی بەهێز بیسترا و پاشان هۆشدارییەکە هەڵگیرا.

لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، ناوچەکە رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە. بەرگریی شارستانی داوای لە دانیشتووان کرد بە هێمنی رەفتار بکەن و لە ماڵ یان شوێنێکی ئارام و دوور لە پەنجەرە و دەرگاکان بمێننەوە.

بەرگریی شارستانی هەمان هۆشداریی لە وادی دەواسر لە باشووری پایتەخت و نەجران لە باشووری سعوودیە بڵاوکردەوە.

سوپای سعوودیە رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە حووسییەکان ئاراستەی ریازیان کردبوو. هاوکات درۆنێکیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە خستە خوارەوە.

حووسییەکان لەم مانگەدا هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە چڕ کردووەتەوە. لەنێو ئەو هێرشانەدا، هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ریاز لە 10ـی تشرینی یەکەم بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە.