گرۆسی: بۆ پشکنینی وێستگە ناوەکییەکانی ئێران ئامادەین
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئامادەکارییە تەکنیکییەکانیان بۆ پشکنینی وێستگە ناوەکییەکانی ئێران تەواو کردووە، ئەمەش لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئاژانسەکە جەخت دەکاتەوە، هەر چارەسەرێکی بەردەوام بۆ دۆسیەی ئەتۆمی پێویستی بە چاودێریی نێودەوڵەتی هەیە.
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە گوتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی: "ئاژانسەکە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی چاودێری و پشکنینی سەربەخۆ، ئەگەر واشنتن و تاران لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ سەرکەوتوو بن".
بەگوێرەی راپۆرتێکی فۆکس نیوز، گرۆسی روونیکردەوە، ئاژانسەکە بەشێکی زۆری ئەو ئامادەکارییە تەکنیکییانەی تەواو کردووە کە بۆ پشکنینی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران پێویستن. ئەم هەنگاوە رێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان دەدات رۆڵێکی سەرەکی لە هەر رێککەوتنێکی ئەگەریدا بگێڕن.
گرۆسی دووپاتیکردەوە، گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ناکۆکییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پێویستی بە چاودێریی نێودەوڵەتی هەیە و پشکنینی سەربەخۆش پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە هەر تێگەیشتنێکی دیپلۆماسیدا.
گرۆسی هیوای خواست بۆ ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی پاکستان، قەتەر، سوڵتاننشینی عومان و میسر کە بۆ پشتیوانیکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەشدارییان تێدا کردووە.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ناکۆکییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامن، ئەوەش لەنێو بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران.
سەرەڕای ئەوەی ئاژانسەکە ئامادەیی تەکنیکیی خۆی راگەیاندووە، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی پشکنین لە چوارچێوەی تێگەیشتنە ئەگەرییەکاندا رانەگەیەندراوە. ئەمە مانای ئەوەیە ئامادەیی ئاژانسەکە بۆ پشکنین، واتای دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان نییە، بەڵکو هەنگاوێکی تەکنیکییە ئەگەر رێکخستنە پێویستە دیپلۆماسییەکان دابین بکرێن.
لێدوانەکانی گرۆسی هاوکات بوون لەگەڵ هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی سەربازیی زیاتر دژ بە ئێران کردووە، ئەگەر نەگاتە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. هەینی لە کاتی گردبوونەوەیەک لە فلۆریدا، ترەمپ گوتی، واشنتن لەوانەیە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات.