ئەندازیارانی نەوتی کوردستان خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنن
لقی کوردستانی کۆمەڵەی ئەندازیارانی نەوتی نێودەوڵەتی (SPE) توانی خەڵاتی سەرۆکایەتیی SPE بۆ ساڵی 2026 بەدەستبهێنێت، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە لەسەر ئاستی جیهان بۆ ئەو رێکخراوە. خەڵاتەکە لە میانی کۆنگرە و پێشانگەی ساڵانەی تەکنیکیی رێکخراوەکە (ATCE) لە هیوستن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەش کرا.
ئەمساڵ لە سەرانسەری جیهاندا تەنیا شەش لقی کۆمەڵەی ئەندازیارانی نەوت ئەو خەڵاتە باڵایەیان پێ بەخشراوە. هەرێمی کوردستان وەک تاکە نوێنەر و لق لەسەر ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) ئەم خەڵاتەی بەدەستهێنا، کە ئەمەش پێگەی پسپۆڕان و ئەندازیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە زانستی و پیشەییە نێودەوڵەتییەکاندا بەرز دەکاتەوە.
کۆنگرەکە لە 21 تا 23ـی تشرینی یەکەم لە هیوستن بەڕێوەچوو، کە تێیدا هەزاران سەرکردەی کەرتی وزە و ئەندازیار و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار و توێژەرانی نەوت و گازی جیهان بەشدار بوون. لە مەراسیمەکەدا شاندی لقی کوردستانی رێکخراوەکە، کە پێکهاتبوون لە رابوون دزەیی، سەرۆکی SPE لقی کوردستان، سەعید مەسیفی، بەرپرسی ئەندامێتی لە رێکخراوەکە و شوان دزەیی، سەرۆکی SPE لقی لەندەن، خەڵاتەکەیان وەرگرت.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی SPE پێزانین و دەستخۆشیی خۆی ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە کاراکانی هەرێم کرد. ئەم دەستخۆشییە لە پای پاڵپشتی و هاوکارییە بەردەوامەکانیان بوو بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت و گاز و بەهێزکردنی توانستی زانستی و ئەندازیاریی کادیرانی ناوخۆ لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکاندا.
بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە وەک پێشکەوتنێکی گرنگ بۆ سێکتەری وزەی هەرێمی کوردستان دەبینرێت. ئەم دەستکەوتە سەلماندوویەتی پسپۆڕانی نەوتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی دانپێدانراون لە ئاڵوگۆڕی زانست و پەرەپێدانی تەکنیکی لە پیشەسازیی نەوتی جیهانیدا.