ئێران و غەززە کاریگەرییان لەسەر دەنگی جووەکانی ئەمریکا دەبێت
دەنگدەرانی جوو لە ویلایەتی میشیگن بۆ هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە نێوان هەردوو کاندید مایک رۆجەرز و عەبدول ئەلسەید دوودڵن و بڕیاری کۆتاییان نەداوە.
لە کاتی باسکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، هەمیشە لۆبی و کاریگەریی جووەکان بەسەر پڕۆسە دیموکراسییەکە دەبێتە مژارێکی گەرم. لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ساڵی 2026 تەنانەت جووەکانیش دوودڵن و نازانن دەنگ بە کێ بدەن، بەتایبەتی لەو ویلایەتانەی براوەی هەڵبژاردنەکە یەکلایی دەکەنەوە، یەکێک لە سەرەکیترینەکانیش ویلایەتی میشیگنە.
ناداڤ کەین، حاخامی جوو، گوتی، "دژبەرییەکە بۆ ئێمە ئەوەیە کاندیدی میشیگن بۆ ئەنجوومەنی پیران پێی وایە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک بۆ جووەکان مافی بوونی نییە. ئەو کەسێکە پەرە بەو هەستە دەدات گوایە جووەکان شایستەی ئەو دژایەتییەن بەسەریان هاتووە، ئەمەش جووەکان دەخاتە مەترسییەکی گەورە."
ئەو حاخامە باسی لەوە کرد، "پێم وایە دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر دیموکراسییەتی راستەقینە. ئەوان دوو کەسی خۆسەپێنن و ئێمەی جووەکان دەزانین چی روودەدات کاتێک کەسانی خۆسەپێن دەسەڵات دەگرنەدەست."
لە بەرانبەردا، کێرک دۆرنبوش بازرگانی جوو، دەڵێت، دەنگی بۆ عەبدول ئەلسەید کاندیدی دیموکراتەکان دەبێت، چونکە پێی وایە عەبدول لەبەر ئەوەی موسڵمانە دژایەتی کراوە. خۆیشی لەبەر ئەوەی جووە دەزانێت کاتێک لەسەر ئایین دژایەتی دەکرێت هەستێکی چۆنی دەبێت، عەبدولیش لەو هەستە تێدەگات.
لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ساڵی 2026ـی ئەمریکا، کێبڕکێیەکی توند لەسەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی میشیگن لە نێوان مایک رۆجەرز کاندیدی کۆمارییەکان و عەبدول ئەلسەید کاندیدی دیموکراتەکان بەڕێوەدەچێت.
عەبدول ئەلسەید پێشتر بەرپرسێکی تەندروستی گشتی بووە و ئەگەر سەربکەوێت دەبێتە یەکەمین سیناتۆری موسڵمان لە مێژووی ئەمریکادا. لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، مایک رۆجەرز هەوڵی داوە رکابەرەکەی بە ئیخوان موسلمینەوە ببەستێتەوە، بەڵام عەبدول ئەلسەید بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەتیکردەوە.
لە ویلایەتی میشیگن نزیکەی 120 هەزار دەنگدەری جوو هەن. هەرچەندە رێژەکەیان کەمە، بەڵام لە ویلایەتێکی یەکلاکەرەوەی وەک میشیگن رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. ئەم دەنگدەرانە لەژێر کاریگەریی جەنگی غەززە و پرسەکانی دژایەتیکردنی جوو و ئیسلامۆفۆبیادا دابەش بوون.