هەواڵگریی ئەمریکا: ئێران پلانی کوشتنی دیپلۆماتکارانی هەیە

حکوومەتی ئەمریکا ئاستی ئامادەباشیی کارمەندەکانی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزکردووەتەوە و رێوشوێنی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی لە ناوچەکە گرتووەتەبەر.

بەرپرسانی ئەمریکی بە رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'یان راگەیاند، هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەوەتەی جەنگ لە شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئەو بەرپرسانە روونیانکردەوە، توانای ئێران بۆ هێرشکردن لە ناو خاکی ئەمریکا هێشتا سنووردارە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، بەردەوام زانیاری و راپۆرتی نوێ لەبارەی ئەو هەڕەشانەی سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەزێنن لەلایەن ئێرانەوە، پێدەگات.

بەرپرسان باسیان لەوە کردووە، واشنتن داتای لەبەردەستە ئاماژە بە ئەگەری بوونی کەسانی سەر بە ئێران لە ناو ئەمریکا دەکات. هاوکات جەختیان لەوە کردەوە، کە پلانی ئەگەریی ئێران بۆ ئامانجگرتنی ئەمریکییەکان، ولاتانی ئەوروپاش دەگرێتەوە.

رۆژنامەکە ئەوەشی ختووەتە ڕوو، هەواڵگریی ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵەکانی بۆ ئامانجگرتنی دیپلۆماتکار و بەرپرسانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچەیە چڕکردووەتەوە. هەروەها ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، ئەو پلانانەی ئێران بۆ کوشتن گەیشتوونەتە قۆناخی پێشکەوتوو، ئەوەش بەپێی یاداشتێکی 23ـی تشرینی یەکەم کە ئاراستەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کراوە.

ماڵپەڕەکە روونیکردەوە، لە یاداشتێکی نهێنیدا جای کڵایتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا هۆشداری داوەتە روبیۆ، دەبێت ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پەیوەستن بە پلانی تیرۆرکردنی ئێرانییەکان بگاتە دەستی ژمارەیەکی زیاتری ئەمریکییەکان، یاداشتەکە هیچ ئامانجێکی دیاریکراو، یان وڵاتێکی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان سرووشتی پلانەکان دەستنیشان ناکات، بەڵام دەریدەخات ئەو زانیارییانە پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە هاوبەش کراون.

بەپێی ئەکسیۆس، کڵایتۆن پێشنیاری کردووە ئاستی نهێنیبوونی زۆرترین بڕی زانیارییە هەواڵگرییە هەستیارەکان کەم بکرێتەوە، تاوەکو روبیۆ بتوانێت بە فراوانی لەگەڵ ئەو کەسانە هاوبەشیان بکات کە لە مەترسیدان، بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە یەکێکە لەو هۆکارانەی وای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە ژمارەی کارمەندانی لە چەند باڵیۆزخانەیەکی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە، ئەوەش لە سێبەری زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی هەڵگیرسانی ململانێیەکی هەرێمیی فراوانتر.

بەرپرسانی ئەمریکی نیگەرانن لەوەی حووسییەکان لە یەمەن، مەودای هێرشەکانیان بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە فراوان بکەن. راپۆرتەکە دەریدەخات، ئەوەی بارودۆخی ئەمنی ئاڵۆزتر دەکات، ئەگەری نوێبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە دژی ئێران، کە رەنگە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا رووبدات.