قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: ئەمریکا و ئیسرائیل لەو گێژاوەی دروستیان کردووە نغرۆ دەکەین

سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، لە هیچ بارودۆخێکدا رێگە نادەن کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە بچنە ناو کەنداوی فارس.

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تسرینی یەکەمی 2026، محەمەد باقر عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەی خاتەمولئەنبیا باسی لەوە کرد، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی توانیویانە هێزی دەریایی ئەمریکا لاواز بکەن. و روونیکردەوە، ئەو هێزەی واشنتن وەک لووتکەی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکە و جیهان نمایشیدەکات، چیتر توانای نزیکبوونەوەی لە ئاوەکانی کەنداو و سنوورە ئاوییەکانی ئێرانی نەماوە.

محەمەد باقر، لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت ئەو خەونە لە گۆڕ بنێت کە سەرباز و سوپای وڵاتەکەی جارێکی دیکە بچنە ناو کەنداو. بە گوتەی عەبدوڵڵاهی، ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا رێگە بە کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا نادات بچنە ناو ئەو ناوچە ئاوییەوە.

عەبدوڵڵاهی ئەو بانگەشانەی ترەمپی بە بێمانا و دژبەیەک وەسف کرد کە باس لە لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن و گوتی: "ئەو قسانە تەنیا بۆ فریودانی بیروڕای گشتیی جیهان و گەلی ئەمریکا بەکاردەهێنرێن، چونکە ئەگەر دڵنیان هەموو توانا سەربازییەکانی ئێرانیان لەناو بردووە، کەواتە بۆچی کەشتییەکانیان ناوێرن لە گەرووی هورمز و سنوورەکانی ئێران نزیک ببنەوە".

عەبدوڵڵاهی لە درێژەی پەیامەکەیدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل روونی کردەوە و رایگەیاند، سەرکردایەتی ئێران بڕیاری داوە ئەمریکا و ئیسرائیل نوقمی ئەو گێژاوە بکات کە خۆیان دروستیان کردووە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی کردەوە، ستراتیجی وڵاتەکەی ئەوەیە بە درێژکردنەوەی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە، زیاتر ئەمریکا بەرەو دابەزین و مەرگ بەرن.