هەرێم و عێراق بودجەی 2027 یەکلایی دەکەنەوە
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گەیشتن بە دواهەمین گەڕی گفتوگۆکان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە، سەبارەت بە دەستکاریکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی 2027 و یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، شاندە دانوستانکارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو گەیشتنە بەغدا. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 10:00 لە بارەگای وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لەگەڵ فالح ساری و تیمی تەکنیکی وەزارەتەکە کۆببنەوە.
ئەو پەیامنێرە گوتی: پێدەچێت کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دواهەمین کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، تا بۆچوونی وەزارەت لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 وەرگرن. ئەگەر گۆڕانکاری لە رەشنووسەکەدا بکرێت و لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا رەشنووسەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت و بۆ پەرلەمان دەنێردرێت، بەڵام ئەگەر رەشنووسەکە بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە و نەگەن بە رێککەوتن، ئەوا بێگومان کێشە و گرفت دروست دەبێت.
هاوکات روونیکردەوە، فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئێستاوە رایانگەیاندووە دەنگ بە رەشنووسی یاسای بودجە نادەن، چونکە پێیان وایە ئەو رەشنووسە ستەمە و مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 پێشێل کراوە.
لە رەشنووسی بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستان لە 14.67% بۆ 12.67% کەمکراوەتەوە و لە هەندێک بڕگە و ماددەی دیکەشدا پشکی هەرێمی کوردستان کەمتر لەو رێژەیە داندراوە، هەر بۆیە کۆمەڵێک پرس لەگەڵ فالح ساری تاوتوێ دەکرێن. سەرەڕای ئەوەی پڕۆژە یاساکە نێردرابوو بۆ ئەنجوومەنی ئابووری، بەڵام بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نەخراوەتە روو. بەپێی خشتەی کات، دەبوو لە 15ـی 10 پڕۆژە یاساکە لە ئەنجوومەنی ئابوورییەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردرابوو، بەڵام لەو وادەیە دواکەوتووە. بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پڕۆژە یاساکە بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران تا لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتەی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت و ئاراستەی پەرلەمان بکرێت.
سەبارەت بە دامەزراندنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست، دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانی بە لیست و بڕی پارەی تەرخانکراو پێشکەشی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە تا لەنێو پڕۆژە یاسای بودجەدا جێبەجێی بکات. وەزارەتی دارایی عێراق بە شێوەی زارەکی بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە پشکیان لە دامەزراندنی فەرمانبەران دەبێت، چونکە حکوومەتی عێراق 497 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەکات بە هەمیشەیی و لەو ژمارەیەش، هەرێمی کوردستان 63 هەزار پشکی دەبێت.