گەڕاوەکانی ئەنبار لەبەردەم وێرانی و پشتگوێخستندا

ئەمڕۆ هەزاران خێزانی ئاوارە کە بۆ پارێزگای ئەنبار گەڕاونەتەوە، بەهۆی وێرانبوونی تەواوەتیی خانەکانیان و نەبوونی پاڵپشتیی حکوومەت، رووبەڕووی دۆخێکی سەختی مرۆیی بوونەتەوە. سەرباری بەڵێنە بەردەوامەکانی بەرپرسان، ئەو خێزانانە تا ئێستا هیچ قەرەبوویەکیان وەرنەگرتووە.

خاوەن ماڵە رووخاوەکان بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانیان، بەردەوام سەردانیکردنی فەرمانگە حکوومییەکان دەکەن. ئەوان لەنێوان پشتگوێخستن و هەڵکشانی کێشە ژیانییەکاندا، لە دۆخێکی نادیاردا دەژین.

ئەبو ئەحمەد، کە ئاوارەیەکی گەڕاوەیە لەبارەی دۆخەکەوە گوتی: "نە قەرەبوو هەیە و نە بەخشین بۆ گەڕاوەکان؛ ماڵی هەمووان وێرانە و نازانین چۆن بژین. ئێمە لە ساڵی 2026داین و قەرەبوو نەکراوینەتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 10 ساڵە ئەنبار رزگار کراوە".

مستەفا حەمید، یەکێکی دیکە لە ئاوارە گەڕاوەکان رایگەیاند، 10 ساڵە گەڕاونەتەوە و تا ئێستا هیچمان لە حکوومەت دەستنەکەوتووە. ژمارەمان ملیۆن و نیوێک گەڕاوەیە و هیچ قەرەبوویەک بۆ ماڵە رووخاوەکانمان نییە.

ئەم دۆخە گومان و پرسیاری زۆری لەبارەی لاوازیی رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئازاری ئەو هاووڵاتییانە دروست کردووە. ئەوان ئێستا لەبەردەم واقیعێکی بێبەش لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی سەقامگیری ماونەتەوە.

د. عیسا عەدای، لێکۆڵەری سیاسی لەمبارەیەوە گوتی: "هیوادارین لەم قۆناخە و لەم بودجەیەدا سەرەڕای دۆخی سەخت ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکرێتەوە. پێویستە ئەو برینەی هاووڵاتییان لە ئاوارەیی و لەدەستدانی موڵکەکانیاندا چەشتوویانە کۆتایی پێ بهێنرێت و حکوومەت بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە ئەستۆ بگرێت".

ئاواتی دانیشتووانی ئەنبار لەنێوان ماڵە رووخاوەکان و بەڵێنە جێبەجێ نەکراوەکاندا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. ئەوان چاوەڕێی بڕیاربەدەستانن بۆ ئەوەی بەدەم نەهامەتییەکانیانەوە بچن و ئەم دۆسیە مرۆییە درێژخایەنە یەکلایی بکەنەوە.