ئێران: بۆ بەرگریکردن لە خۆمان مۆڵەت لە هیچ هێزێک وەرناگرین
فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران رایگەیاند، تاران بۆ بەرگریکردن لە خۆی مۆڵەت لە هیچ هێزێک وەرناگرێت و هێزە چەکدارەکانی وڵاتیش لە ئەرکدان بە پاراستنی خاکی ئێران.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، فاتیمە موهاجیرانی لە وتارێکدا گوتی: با دەستدرێژکاران بزانن هیچ بڕیارێکی دەستدرێژیکردن بێ تێچوو و لێکەوتە نابێت، چونکە هیچ هەڵسەنگاندنێک سەبارەت بە ئێران ورد نییە ئەگەر توانای بەرگری و ئیرادەی گەلەکەی لەبەرچاو نەگرێت.
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران باسی ئەوەی کرد، دوژمنانی ئێران باسی لەناوبردنی توانای وڵاتەکە دەکەن، وەک ئەوەی بتوانن بە بڕیارێک شارستانییەتێک لە مێژووی مرۆڤایەتی بسڕنەوە.
فاتیمە موهاجیرانی ئەو بانگەشانەی بە نیشانەی خۆبەگەورەزانین و نەزانین بە مێژووی ئێران وەسف کرد و رایگەیاند، ئەوانەی هەڕەشە دەکەن، هەرگیز ئێرانیان نەناسیوە و ناتوانن ئەو خەیاڵانە بێننەدی.
جەختیشیکردەوە، با بەرپرسانی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بزانن چارەنووسی ئێران بە ئیرادەی ئەوان نانووسرێت و گەلی ئێران دەستبەرداری سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی خۆی نابێت. دووبارەکردنەوەی هەڕەشەکانیش ئەو راستییە ناگۆڕێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی جەنگ، گتوەبێژی حکوومەت گوتی: ئێمە تاڵی و ئازاری جەنگ دەزانین و بە بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ ئاشتی دەکەین، بەڵام پێویست ناکات کەس ئەم هەڵوێستە بە دوودڵی لە بەرگریکردن لێکبداتەوە، پاراستنی سەروەری خاک و سەربەخۆیی وڵاتەکە ئەرکێکی سەرەکییە کە هەرگیز تێیدا کەمتەرخەم نابین.
فاتیمە موهاجیرانی دووپاتیکردەوە، هەڵوێستی ئێمە روونە؛ نە خۆمان لە گفتوگۆ بۆ ئاشتی دەدزینەوە و نە لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان دوودڵ دەبین، ئەوانەی خەیاڵی لەناوبردنی ئێرانیان لە سەردایە، دەبێت پێداچوونەوە بە هەڵسەنگاندنەکانیان بکەن، چونکە ئێران لە جوگرافیا و مێژووی جیهان ناسڕدرێتەوە.