داهاتی نۆ مانگی هەناردەی نەوتی عێراق زیاتر لە 33.5 ملیار دۆلار بووە
ئیکۆ عێراق لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە ماوەی 9 مانگی سەرەتای ساڵی 2026ـدا، هەرێمی کوردستان 25 ملیۆن و 95 هەزار و 454 بەرمیل نەوتی بۆ عێراق دابین کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینییەکەمی 2026، روانگەی ئیکۆ عێراق روونیکردەوە، بەهای گشتیی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە نزیکەی 37.39 ملیار دۆلار، کە لە بەرامبەر هەناردەکردنی 533 ملیۆن و 459 هەزار و 327 بەرمیل نەوت دەستکەوتووە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە فەرمییەی کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە، داتاکانی هەناردەکردنی نەوت و داهاتە داراییەکانی پەیوەست بە مانگەکانی کانوونی دووەم تا ئەیلوولی 2026 خراونەتە روو. بەهای مەزەندەکراوی ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە، 37 ملیار و 388 ملیۆن و 384 هەزار و 828 دۆلارە.
سەبارەت بە داهاتە داراییەکان، ئەو چاودێرییە روونیکردەوە، ئەو پارانەی لە هەژماری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ هەمان ماوە تۆمارکراون، 33 ملیار و 511 ملیۆن و 194 هەزار و 387 دۆلار بووە.
داتاکانی روانگەکە بڕی ئەو نەوتەی خستووەتە روو کە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکراوە. نەوتی باکوور بە بڕی 50 ملیۆن و 757 هەزار و 644 بەرمیل بووە، بە تێکڕای رۆژانەی نزیکەی 188 هەزار بەرمیل. نەوتی هەرێمی کوردستانیش بە بڕی 25 ملیۆن و 95 هەزار و 454 بەرمیل بووە، بە تێکڕای رۆژانەی نزیکەی 93 هەزار بەرمیل.
لە کۆتاییدا چاودێرییەکە جەختیکردەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی شەفافییەت لە بڵاوکردنەوەی داتاکانی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانیدا، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت ئەو بڕەی هەناردەکراوە لەگەڵ داهاتە داراییەکاندا یەکیگرتووە.