سەرۆک بارزانی پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی پادشای ئوردن کرد
سەرۆک بارزانی وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کڵێساکەی ئوردن، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەل و حکوومەتی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، "رۆژی هەینی 23-ی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە نامەیەکی هاوخەمی بۆ شا عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن، بە توندی ئیدانەی هێرشی تیرۆریستیی رۆژی هەینی بۆ سەر کڵێسایەک لە پارێزگای کەرەکی ئوردن کرد".
هەروەها سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی گەیاندە پادشا و گەلی ئوردن و کەسوکاری قوربانییانی ئەو رووداوە تیرۆریستییە.
رۆژی هەینی 23ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکی پرسەدا لە کڵێسایەکی مەسیحییەکانی ئۆرسۆدۆکسی یۆنانی لە گوندی حەموود لە پارێزگای کەرەکی باشووری ئوردن، چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە ئامادەبووان کرد.
بەپێی دوایین فەرمییەکان، بەهۆی ئەو هێرشەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 40 کەسی دیکەش برینداربوون.
دواتر هێزە ئەمنییەکانی ئوردن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد. پادشای ئوردن سەردانی بریندارەکانی کرد و رایگەیاند، بە توندی رووبەڕووی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەبنەوە.
بەرپرسانی ئوردن رووداوەکەیان بە هێرشێکی "تیرۆریستی" لە قەڵەم دا. هەروەها سعوودییە، میسر، عێراق و چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی و جیهانی بە توندی سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد و هاوخەمیی خۆیان بۆ گەلی ئوردن دەربڕی.