ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی: گەشتی عێراق مەکەن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رێنماییەکانی گەشتکردنی بۆ عێراق نوێکردەوە، ئەمەش بەمەبەستی لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوجەکەیە، بەوهۆیەوە هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیانی سەردانی عێراق نەکەن.

ئەمرۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بە هیچ هۆکارێک گەشتی عێراق نەکەن، چونکە توانای حکوومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لەناکاوەکان بە هاووڵاتییانی لەو وڵاتەدا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە سنووردارە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، "حوسییەکانی سەر بە ئێران لە دوژمنکارییەکانی دژی سعوودیە تێوەگلاون، لەوانەش هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ژێرخانی گرنگ، کە بوونەتە هۆی قوربانیبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و تێکچوونی خشتەی گەشتەکان، ئەگەری پەرەسەندنی خێرای ئەم دوژمنکارییانەش لە ناوچەکەدا هەیە". هاوکات جەخت کراوەتەوە، حکوومەتی عێراق ناتوانێت سەلامەتی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە بەرامبەر سەرهەڵدانی لەناکاوی توندوتیژی و ململانێی چەکداریدا مسۆگەر بکات.

سەبارەت بە کارمەندانی حکوومەتی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوە داوایان لێدەکات لەژێر پرۆتۆکۆلی توندی ئەمنیدا بن و کار بکەن. بەهۆی بارودۆخە ئەمنییەکانەوە، رەنگە رێوشوێنی زیاتر سەبارەت بە پێگەی کارمەندان لەژێر بەرپرسیارێتی سەرۆکی ئەرکدا جێبەجێ بکرێت و هەر گەشتێکی کارمەندان بۆ دەرەوەی ناوچە دیاریکراوەکان پێویستی بە مۆڵەتی تایبەت دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا هاتووە هاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، لەوانەش توندوتیژی، رفاندن و مەترسییەکانی تیرۆر. میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و رێکخراوی داعش هاندەر و ئەنجامدەرن بۆ هێرشکردنە سەر کەسایەتی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. هێرشەکان بە بەکارهێنانی ئامێری تەقینەوەی بۆمبی چێنراو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زۆر ناوچە، لەوانەش شارە گەورەکان ئەنجام دەدرێن. ئامانجەکانی ئەم هێرشانە هۆتێل، زانکۆ، ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانەکان و نووسینگە دیپلۆماسییەکان دەگرێتەوە.

هەروەها وەزارەت باسی لەوەکردووە، لە رووی تەندروستییەوە، دامەزراوەکانی فریاکەوتن و چاودێری چڕ لە عێراق سنووردارن و لە دەرەوەی شارە گەورەکان بەردەست نین. کوالێتی نەخۆشخانە، پزیشک و ئامرازە پزیشکییەکان لە ئاستێکی نزمدا دەبن و کێشەکانی رێگاوبان و سەلامەتی دەبنە هۆی دواکەوتنی هەر پرۆسەیەکی گواستنەوەی پزیشکی.

بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە عێراقن، وەزارەتی دەرەوە رێنمایی دەدات خۆیان لە پرۆگرامی خۆتۆمارکردنی گەشتیاری زیرەک (STEP) تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە کاتی لەناکاودا پەیوەندییان پێوە بکرێت. هەروەها داوا کراوە پلانی جێهێشتنی وڵات بەبێ پشت بەستن بە یارمەتی حکوومەتی ئەمریکا دابڕێژرێت، پلانی ئەمنی کەسی دابمەزرێنن و وەسیەتنامەیەک ئامادە بکەن. پێشنیار کراوە نموونەی DNA لە لای دابینکەری پزیشکی جێبهێڵدرێت و بیمەی گەشتکردن بکرێت، لەگەڵ هاوبەشکردنی زانیارییە گرنگەکان لەگەڵ کەسە نزیکەکان.