محەمەد حاجی مەحموود رەخنەی توند لە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان دەگرێت

محەمەد حاجی مەحموود رەخنەی توند لە پەککەوتنی دوو ساڵەی پەرلەمانی کوردستان دەگرێت و بە پێویستی دەزانێت بە زووترین کات پەرلەمان کارا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان بكرێت. 

ئەمڕۆ شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە چوارەمین دیداری گوڵەخانەدا، محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، رەخنەی توندی لە پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ گرت و جەختی کردەوە کە پێویستە پەرلەمان بە زووترین کات کارا بکرێتەوە.

محەممەد حاجی مەحموود لە وتارەکەیدا رایگەیاند، ماوەی دوو ساڵ و چەند رۆژێکە پەرلەمانی کوردستان کارا نەکراوەتەوە. ئەو پرسەی بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

بە گوتەی سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان لەم دوو ساڵەدا دەیتوانی دەیان یاسا لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەربکات و یاساکانی بەغدا کە دژی کورد دەرکراون هەڵبوەشێنێتەوە دەیان یاسایش هەموار بکاتەوە، بەڵام ئێستا هۆڵەکانی پەرلەمان بەتاڵ ماونەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، محەمەدی حاجی مەحموود گوتی "هیوادارم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەک پێکەوە کار لەسەر ئەو پرسانە بکەن، چونکە لە ناوچەکەدا هەموو لایەک خۆی بۆ شەڕ ئامادە کردووە و کەس بەلای ئاشتیدا ناچێت".

ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە کە کورد بە ژیرییەوە خۆی لە شەڕ و دۆخە نەخوازراوەکانی ناوچەکە پاراستووە، چونکە شەڕێک هی کورد نەبێت دەبێت خۆی لێ بپارێزێت.

محەمەد حاجی مەحموود داوای یەکگرتوویی و یەکبۆچوونی نەتەوەی کوردی کرد. ئەو گەشبینە بەوەی خەڵکی کوردستان جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە و هیوای خواست هەمووان پێکەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێن.