هێمن هەورامی: خراپترین رەشنووسی بودجە لە مێژووی عێراقدا ئامادە کراوە
ئەمڕۆ شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە "چوارەمین دیداری گوڵەخانە"، شیکردنەوەیەکی وردی بۆ دۆخی جیهان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان خستەڕوو. هاوکات رەخنەی توندی لە رەشنووسی بودجەی عێراق گرت و بە سزادانی گەلی کوردستانی وەسف کرد.
پەرتەبوون و دابەشبوونی هێز لە جیهاندا
لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە گۆڕانکارییە جیهانییەکان، هێمن هەورامی باسی لەوە کرد، جیهان بە قۆناخێکی راگوزەری تەواودا تێدەپەڕێت و سەردەمی تاک جەمسەری دوای جەنگی سارد کۆتایی هاتووە. ئاماژەی بەوەش دا، هێشتا روون نییە جیهان بەرەو چەند جەمسەری دەڕوات، بەڵام جەمسەرەکان تەنیا بە هێزی سەربازی پێوەر ناکرێن.
هەروەها گوتی، "لە ئێستادا جەمسەری ئابووری و تەکنەلۆژی هەیە. بۆ نموونە تایوان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لە دروستکردنی مایکرۆچپدا بەشێکی زۆری تەکنەلۆژیای نێودەوڵەتی لەسەر وەستاوە و بە یەکێک لە زلهێزەکان و جەمسەرە گەورەکانی دنیا دادەنرێت."
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هێز پەرت بووە و تەنیا لە دەستی ئەمریکا، ئەوروپا یان چیندا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو رۆژئاوا روو لە لاوازییە و رۆژهەڵاتیش سەرهەڵدەداتەوە.
سەردەمی نائاشتی و 61 شەڕی زیندوو
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی تیشکی خستە سەر ناسەقامگیریی جیهان و گوتی، "جیهان بە قۆناخێکی نائاشتی و ناسەقامگیریدا تێدەپەڕێت، لە ئێستادا 61 شەڕ لە نێوان دەوڵەتاندا لەسەر ئاستی جیهان هەیە، لە هیچ سەردەمێکدا ئەوەندە شەڕی زیندوو نەبووە."
هۆشداریشی دا لەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لاواز بوون و ململانێی زلهێزەکان گەڕاوەتەوە، هاوکات شۆڕشی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد خێرا هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکان دەگۆڕن.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەورامی روونیکردەوە، ناوچەکە بە قەیرانی رەوایەتی و ناسنامەدا تێدەپەڕێت و پرسی سەروەری و رەوایەتیی دەسەڵاتداران بە گشتی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.
مەترسی هەموارکردنەوەی دەستوور و پرسی ماددەی 140
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هێمن هەورامی جەختی لە دروستکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەش کردەوە لە نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
هەورامی رایگەیاند، "ئەو هەوڵانەی لە ئێستادا بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق هەن، دەیانەوێت فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج، بۆیە دەبێت پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەولەوییەتی تەواوی هێزە سیاسییەکان بێت."
هەروەها ئاشکرای کرد، بەرپرسانی باڵا لە عێراقدا هەن دان بە ماددەی 140ـی دەستووردا نانێن و پێیان وایە کۆتایی هاتووە و نازانرێت چۆن جێبەجێ دەکرێت.
خراپترین رەشنووسی بودجە بۆ سزادانی کوردستان
لە تەوەرێکی گرنگی دیدارەکەدا، هێمن هەورامی رەخنەی توندی لە بەغدا گرت سەبارەت بە پرسی بودجە و گوتی، "بەپێی دوایین زانیارییەکانی شاندی دانوستانکار، خراپترین رەشنووسی بودجە لە مێژووی داڕشتنەوەی بودجەکانی عێراقدا ئەو رەشنووسەیە بۆ ئەمساڵ ئامادە کراوە."
ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆ تەکنیکییەکان وەستاون و لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بە گفتوگۆی تەکنیکی ناگەنە ئەنجام، چونکە ئەو رەشنووسەی دانراوە تەنیا سزادانە بۆ هەرێمی کوردستان. بۆیە داوای کرد پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هاوپەیمانییەتییەکی کوردستانی دروست بکەن بۆ رێگریکردن لە تێپەڕاندنی ئەو بودجەیە.
هەڵبژاردن و دوورخستنەوەی هەرێم لە ململانێ هەرێمییەکان
لە کۆتایی قسەکانیدا، هێمن هەورامی باسی لە گرنگیی رێزگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرد بۆ پاراستنی رەوایەتیی دامەزراوەکان و گوتی، "پێویستە کار بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان پێکبهێنرێنەوە، چونکە دروستنەکردنیان هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات."