لە فلیپین دوو فڕۆکەی سەربازیی پێکیاندادا و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە
بەرپرسانی فلیپین رایانگەیاند، دوو فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکە لە کاتی ئەرکێکی مەشقکردندا پێکیاندادا و لە بنکەیەکی ئاسمانی لە باشووری مانیلا کەوتوونەتە خوارەوە، بەهۆی ئەم رووداوەشەوە هەر چوار فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەست داوە.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسانی فلیپین رایانگەیاند، دوو فڕۆکەی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان لە کاتی راهێناندا پێکیاندادا بەو هۆیەوە هەر چوار فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەستدا.
ئاماژەیان بەوەش کرد، فڕۆکەکان لە جۆری "SF-260" بوون و کاتێک بە ئاستێکی نزم فڕیوون رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە، راشیانگەیاند، رووداوەکە لە بنکەی ئاسمانی فێرناندۆ لە لیبا لە پارێزگای باتانگۆس لە باشووری مانیلا بووە، کە هەرچوار فڕکەوانەکە گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای ئەوەی هێزی ئاسمانی فلیپین هیچ وردەکارییەکی لەبارەی هۆکاری رووداوەکە بڵاونەکردەوە، بەڵام دوو بەرپرسی فلیپینی کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستیانکردەوە کە فڕۆکەکان لە ئاسماندا پێکیانداداوە.
هێزی ئاسمانی فلیپین رایگەیاند، وەک رێکارێکی کاتی سەرجەم فڕۆکەکانی جۆری "SF-260"ـی راگرتووە کە لە ئیتالیا کڕدرابوون. ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، هەرچەندە هێزەکە ئاماری فڕۆکە ماوەکانی خۆی لەو جۆرە ئاشکرانەکرد.
ئەم رووداوە بە زیانێکی دیکە بۆ سوپای فلیپین دادەنرێت، کە بە دەست کەمی بودجەوە گرفتارە.