سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فلیپین مەترسییەکانی تیرۆریان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ شەممە، 24ی تشرینی یەكەمی 2026، لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە چارلی پاكانا مانانگان، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق كرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا باڵیۆزی فلیپین لە عێراق كە وەك نوێنەری رێكخراوی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو.
ئاماژە بەوەش کراوە، باڵیۆزی فلیپین لە عێراق كورتەیەكی لەبارەی مێژووی رێكخراوی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و سیاسەتی ئەو ڕێكخراوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و توانا ئابوورییەكانی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.
باڵیۆزی فلیپین ویستی ئەو رێكخراوەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و ئاشنایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق بە سەرۆك بارزانی راگەیاند.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی فلیپین كرد و بەپێزانینەوە باسی لە هەوڵ و تێكۆشانی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا كرد بۆ گەییشتن بە ئازادی و هەروەها بووژانەوە و گەشەی ئابووری.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی مەترسییەكانی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیهانی و ناوچەیی ئاڵوگۆڕ كرد.