مامۆستایەکی ئایینی زیاتر لە 70 رۆژە بێسەروشوێنە

بەهزاد مەحموودی
بەهزاد مەحموودی

هاووڵاتییەکی شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی بەهزاد مەحموودی، کە پێشتر مامۆستای ئایینی بووە، ماوەی 74 رۆژە بێسەروشوێنە و تاوەکو ئێستا خێزانەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسی دەست نەکەوتووە.

شەهلا مەحموودی، خوشکی ئەو هاووڵاتییە بێسەروشوێنبووە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "براکەم بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە گوندەکانی دەوروبەری مەریوان مامۆستای ئایینی بووە. دواجار لە گوندی بەرقورووی نزیک سنە، زیاتر لە ساڵێک پێشنوێژی کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و سەختیی بژێوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەستبەرداری ئەرکەکەی بووە."

خوشکی بەهزاد ئاماژەی بەوەش کرد، دوای وازهێنانی لە پێشنوێژی و ئەرکی مامۆستایەتیی ئایینی، دووکانێکی مریشکفرۆشی کردووەتەوە، بەڵام ئەم کارەش نەبووەتە هۆی باشبوونی باری ئابووری و بژێویی ژیانی. دواتر لە شاری بانەوە پێشنیازی کارێکی بۆ کراوە و بەو ئامانجە چووەتە شارەکە. دوای ئەوەی یەک شەو و رۆژێک لەوێ ماوەتەوە، پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کردووە و پێی گوتوون، لە کارەکە رازی نییە و دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوایین پەیوەندیی بووە.

بە گوتەی خێزانەکەی، لەو کاتەوە 74 رۆژ تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا بەهزاد هیچ هەواڵێکی نییە.

هەروەها سەرەڕای ئەوەی چەندین جار سەردانی بنکەکانی پۆلیس، نەخۆشخانە و شوێنە پەیوەندیدارەکانی دیکەیان کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان بێئەنجام بووە و نەیانتوانیوە هیچ سەرەداوێک لەسەر چارەنووسی پەیدا بکەن.

شەهلا مەحموودی داوا لە هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، ئەگەر هەر زانیاری یان هەواڵێکیان لەبارەی براکەیەوە هەیە، خێزانەکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی قەیرانی ئابووری و بێکارییەوە، بەشێکی زۆری گەنجان و تەنانەت کەسایەتییە ئایینییەکانیش ناچار دەبن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێبهێڵن و روو لە شارەکانی دیکە یان دەرەوەی وڵات بکەن بە مەبەستی پەیداکردنی بژێویی ژیان، ئەمەش زۆرجار رووداوی نەخوازراو و بێسەروشوێنبوونی لێ دەکەوێتەوە.