بەهۆی عێراقەوە، ئەمریکا دوو هێڵی ئاسمانیی ئەوروپی سزادا

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا سزایەکی دارایی قورسی بەسەر دوو هێڵی گەورەی ئاسمانیی  ئەوروپیدا سەپاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فڕۆکەکانیان لە کاتی فڕین بەسەر ئاسمانی عێراقدا لەو بەرزییە نزمتر بوون کە یاساکانی ئەمریکا دیارییان کردووە.

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا بڕیاری دا سزایەکی دارایی کە نزیکەی 320 هەزار دۆلار دەبێت، بەسەر هێڵی ئاسمانیی کەی ئێڵ ئێم (KLM)ـی هۆڵەندی بسەپێنێت. 

پشکنینەکان دەریانخستووە کە ئەم کۆمپانیا هۆڵەندییە زیاتر لە 100 جار فڕۆکەکانیان لە سەرووی ئاسمانی عێراقەوە بە شێوازێکی زۆر نزم فڕیوون، کە ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەکانی سەلامەتییە. 

لەمبارەوە، کۆمپانیاکە روونیکردەوە، ئەو حاڵەتانە لەناکاو بوون و ناچار بوون بەو شێوەیە بفڕن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئەو کارەیان گیانی گەشتیارانی خستبووە مەترسییەکی گەورەوە. 

هاوکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیا هۆڵەندییە، کۆمپانیای ئێر فرانس (Air France)ـی فەرەنسیش رووبەڕووی هەمان کێشە بووەتەوە و ئەویش سزادراوە.

دەبێت "کەی ئێڵ ئێم" بەشی یەکەمی سزاکەی کە بڕەکەی 200 هەزار دۆلارە، لە ماوەی 60 رۆژدا بدات. 120 هەزار دۆلارەکەی دیکەش وەک مەرجێک لەسەریان دەمێنێتەوە، واتە ئەگەر لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا سەرپێچییەکی تری لەو شێوەیە دووبارە بکەنەوە، ئەوا ئەو پارەیەش دەبێت بدەن. 

بۆ کۆمپانیای ئێر فرانسیش بڕی سزاکە 105 هەزار دۆلارە، کە دەبێت 65 هەزار دۆلاری لە ماوەی 60 رۆژدا بدات.

شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا، لەبارەی ئەم سزایانەوە رایگەیاند، "پابەندبوون بە رێساکانی سەلامەتی لەلایەن کۆپانیاکانەوە شتێکی ئارەزوومەندانە نییە. ئێمە هەرگیز سڵ ناکەینەوە لەوەی لێپرسینەوە لەو هێڵە ئاسمانییانە بکەین کە یاساکانی سەلامەتی پێشێل دەکەن، چونكە پاراستنی گیانی گەشتیاران لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."

لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو کۆمپانیا ئەوروپییەکە رایانگەیاندووە، بڕیاریان داوە سزاکە قبووڵ بکەن و تانەی لێ نادەن، بەڵکو لە داهاتوودا زیاتر چاودێری پابەندبوونی خۆیان بە یاساکانەوە دەکەن.

لە دوای رووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک عێراق و سووریا، بوونی گروپە چەکدارەکان و مەترسیی بەکارهێنانی مووشەکی دژە فڕۆکە و چەکی قورس، وای کردووە کە دەسەڵاتدارانی بواری فڕۆکەوانی لە جیهاندا (بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا) سنوورێکی توند بۆ بەرزیی فڕینی فڕۆکەکان دابنێن. 

ئیدارەی فڕۆکەوانیی ئەمریکا (FAA) پێشتر بڕیاری داوە کە فڕۆکەکان بۆیان نییە لە ئاسمانی عێراقدا لە بەرزییەکی دیاریکراو (کە زۆر لە خوار 32 هەزار پێوەیە) نزمتر بفڕن، چونکە لە خوار ئەو بەرزییەوە فڕۆکەکان دەکەونە بەر مەترسیی پەلاماری مووشەکی.