عەلی زەیدی فەرمانی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی دەرکرد
"120 هەزار کەسی دیکە بەگرێبەست دادەمزرێن"
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێکی گرنگی دەرکرد و رایگەیاند، سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانە دەکرێنە هەمیشەیی، هاوکات لە بودجەی ساڵی 2027دا، 120 هەزار دەرفەتی کاری نوێش دەڕەخسێنرێن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027. لەم کۆبوونەوەیەدا محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و فالح ساری، وەزیری دارایی ئامادە بوون.
لە کۆبوونەوکەدا عەلی زەیدی فەرمانی کرد بە هەمیشەییکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەو کرێکارانەی بە کرێی رۆژانە لەدامەزراوەکانی حکوومەت کاردەکەن بکرێنە هەمیشەیی، هەروەها بڕیاردرا 120 هەزار دەرفەتی کاری نوێ بە ناونیشانی گرێبەست لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2027ـدا بڕەخسێنرێت، کە سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە.
سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە دەبێت دەرفەتەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا بەپێی رێژەی دانیشتووان دابەش بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش پلاتفۆرمێکی تایبەت بۆ دامەزراندن دەکرێتەوە تا دادپەروەری لە نێوان پێشکەشکاراندا مسۆگەر بکرێت.
عەلی زەیدی روونیکردەوە، حکوومەت کار بۆ دابینکردنی تەرخانکراوە داراییە پێویستەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە. رێکارەکانی هەمیشەییکردن و دروستکردنی دەرفەتە کارە نوێیەکان بەپێی رێنمایی و یاسا پەسەندکراوەکان دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتە بە دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و بەهێزکردنی سەقامگیریی فەرمانبەری و بژێوی، ئەمەش لە کاتێکدایە وڵات رووبەڕووی ئاستەنگ و فشاری دارایی بووەتەوە.