وەزیری ناوخۆ: گەڕانەوەی ئاوارەکانی سحێلە هەنگاوێکە بەرەو سەقامگیری
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی گەڕانەوەی دانیشتووانی چوار گوندی عەرەبنشینی دەڤەری سحێلە؛ جەختی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2026، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، دانیشتووە عەرەبەکانی چوار گوندی دەڤەری سحێلە (قاهیرە، مەحموودییە، سعوودیا و جەدرییە) گەڕانەوە ناو ماڵ و گوندەکانی خۆیان.
لە رێوڕەسمەکەدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەشکرد و پەیام و سڵاوی سەرۆک بارزانی گەیاندە ئامادەبووان و دانیشتووانی گوندەکان.
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، "گەڕانەوەی دانیشتووانی رەسەن بۆ گوندەکانیان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو گەڕانەوەی ژیانی سروشتی و جێگیرکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیادنانەوەی ئەو پەیوەندییانەی گەلانی ئەم ناوچەیە لە مێژوویەکی دوورودرێژدا پاراستوویانە."
هەروەها باسی لەوە کرد، هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی، هەڵوێستێکی مرۆیی و نیشتمانیی نەگۆڕی هەبووە لە باوەشگرتنی ئاوارە و زەرەرمەندان، بە جۆرێک دەرگاکانی بۆ نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە کردەوە، زۆربەیان خەڵکی پارێزگای نەینەوا بوون.
رێبەر ئەحمەد تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و عەرەب و بەتایبەت هۆزی شەمەر. ئاماژەی بەوە دا، رەگ و ریشەی ئەو پەیوەندییانەی نێوان بنەماڵەی بارزانی و هۆزی شەمەر بۆ سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ عەجیل یەوەر دەگەڕێتەوە، ئێستاش ئەم پەیوەندییە میراتێکی هاوبەشە و بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی هەمووان.
پێشتریش هەر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دانیشتووانی گوندەکانی شێخان و سەفەییە لە هەمان سنوور گەڕابوونەوە سەر زێدی خۆیان.
دەڤەری سحێلە دەکەوێتە رۆژئاوای رووباری دیجلە و سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا، ناوچەکە پێکهاتەیەکی دیمۆگرافیی تێکەڵی هەیە لە کورد و عەرەب. لە هاوینی ساڵی 2014 کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر بەشێکی زۆری پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری، سەدان هەزار کەس لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون. عەرەبەکانی ئەو گوندانەی سحێلەش ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
دواتر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە یەک لەدوای یەکەکانیاندا، ئەو ناوچانەیان لە دەستی داعش رزگار کرد و بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان تیایدا جێگیر بوون.