کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027، لە بەغدا دەستیپێکرد.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەغدای پایتەختی عێراق، کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمی دەستیپێکرد، کە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەتە بە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی رۆژی هەینی، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا. شاندەکە لە بەرپرسانی باڵای دارایی، یاسایی و کارگێڕی پێکدێت، لەوانە: سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هاوکات بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

ئامانجی سەرەکیی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەدا بریتییە لە گفتوگۆکردن و پێداچوونەوە بە پشکی هەرێم لە رەشنووسی بودجەی 2027؛ بە تایبەت دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی و ئەو پشکەی رەتکردەوە کە لە رەشنووسەکەدا بۆ هەرێم دەستنیشان کرابوو.

بە پێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، ئەم گفتوگۆیانەی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێم و وەزیری دارایی عێراق وەک دواهەمین گەڕی دانوستانەکان هەژمار دەکرێت؛ بەو پێیەی بەپێی خشتەی کاری داڕێژراو، بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا رەشنووسی بودجەکە لە وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی.

رەشنووسی یاسای بودجەی 2027 پێشتر لە ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراقەوە گەڕێندرابووەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەهۆی بوونی تێبینی و ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکە لەسەر شێوازی دابەشکردنی پشکەکان و بڕگە داراییەکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی هەموارکردن و پێداچوونەوەی پێویست بە بەرژەوەندیی تەواوی پێکهاتەکان.