رێبەر ئەحمەد: دەبێت ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال لاببرێن
"کوردستان وەک هەمیشە پەناگەیەکی ئارام دەبێت بۆ هەموو لێقەوماوان"
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی خۆی لە پەککەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالی ساڵی 2020 نیشان دەدات و رایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ئێش و ئازاری خەڵکی قەزاکە بهێنرێت و ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە و سەقامگیریی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای شنگال، پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، هاوکات داوای کرد لایەنەکان بەرژەوەندییە تەسکە سیاسییەکان وەلا بنێن و کار بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی دانیشتووانی شنگال بکەن.
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: دوای داگیرکردنی بەشێک لە خاکی عێراق لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا، بەڵام دوای تێکشاندنی داعش، بەشێک لەو ئاوارانە بە شێوەیەکی پلەبەندی گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان.
جەختیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پەناگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ هەر کەسێک کە پێویستی بە هاوکاری و یارمەتی پێویست بێت.
سەبارەت بە رۆڵی هێزی پێشمەرگە، رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، کە پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد و توانی بەشێکی بەرفراوان لە ناوچە داگیرکراوەکانی عێراق ئازاد بکات و بیانپارێزێت.
وەزیری ناوخۆ گوتی: دوای 100 رۆژ لە گەمارۆدان و داگیرکردنی شنگال، پێشمەرگەی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی توانیان شنگال ئازاد بکەن، و هەر لەسەر چیای شنگالیش سەرۆک بارزانی پەیامی ئاشتی، ئازادی و ئارامیی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکان کرد.
هاوکات گوتیشی: لەو پێناوەشدا زیاتر لە 500 پێشمەرگە شەهید بوون و 3000ـی پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وەزیری ناوخۆ بە پێویستی زانی تەواوی ئەو ئاستەنگانە لاببرێن کە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکی شنگال بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیاندا هەن، هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی نێوان کورد و عەرەب و تەواوی پێکهاتەکانی نەینەوا کردەوە. هاوکات هۆشداریی دا لەوەی دەبێت ئارامیی دەڤەرەکە پارێزراو بێت و رێگری لە توندڕەوان و تێکدەران بکرێت کە پێگەیەک لەو سنوورەدا بدۆزنەوە.
رێبەر ئەحمەد نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، هێشتا رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە، کە لە ساڵی 2020 لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ واژۆ کرابوو. هەروەها داوای لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا کرد هاوکار بن لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
وەزیری ناوخۆی هەرێم ئاشکرای کرد، ئێستا پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکاندا هەیە بە ئاراستەی دەستنیشانکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال، تا لەو رێگەیەوە دەست بە ئاوەدانکردنەوە بکرێت و زەمینەی گەڕانەوەی شەرەفمەندانەی ئاوارەکان فەراهەم ببێت؛ هەروەها هیواشی خواست حکوومەتی فیدراڵ هەنگاوی کرداری بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بنێت.