بەرەی مقاوەمە: ئەمریکا لە کەمتر لە مانگێکدا 171 جار ئاسمانی عێراقی بەزاندووە

مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، تۆمارکردنی 171 پێشێلکاریی ئاسمانیی لە لایەن فڕۆکە جەنگی و سیخوڕییەکانی ئەمریکاوە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئاشکرا کرد و هاوکات بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی لەگەڵ ئێران بە "ملکەچبوون بۆ فەرمانەکانی واشنتن" وەسف کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لەژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئاڵۆزی وڵات و ناوچەکە، تیشکی خستە سەر بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە سەروەریی خاکی عێراق و رەخنەی توندی لە شێوازی مامەڵەکردنی بڕیاربەدەستانی عێراق لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکاندا گرت.

لە راگەیەنراوەکەدا، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی نێوان 30ـی ئەیلوول تا 23ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، بە شێوەیەکی بەڵگەدار (171) پێشێلکاریی ئاسمانی لە لایەن فڕۆکە جەنگی و سیخوڕییەکانی ئەمریکاوە تۆمار کراون.

بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم کردارانە پێشێلکردنێکی روون و ئاشکرای سەرجەم ڕێککەوتننامە فەرمییەکانن و خۆدزینەوەی واشنتن لە ئەرک و بەڵێنەکانی نیشان دەدەن، ئەمەش حکوومەتی عێراق دەخاتە بەردەم ئیلتزامێکی ئەخلاقی تاوەکو راستیی ئەم رووداوانە بە شەفافی بۆ خەڵکی عێراق بخاتە روو.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، بەرەی مقاوەمە رەخنەی توند لە بڕیارەکانی پەیوەست بە داخستنی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گیراوە و بە "پابەندبوون بە فەرمان و ملکەچبوون بە بڕیاریەکانی ئەمریکا" لەقەڵەم دراوە.

مقاوەمەی ئیسلامی دووپاتی کردووەتەوە، کە قسەکردن لەسەر بەدیهێنانی سەروەریی نیشتمانی لە دۆخێکدا کە بڕیارە ناوخۆییەکان لە دەرەوە سنووردار بکرێن و پێشێلکارییەکان بەردەوام بن، بریندارکردنی کەرامەت و ئیرادەی ئازادی گەلی عێراقە، چونکە ئەم جۆرە هەنگاوانە باڵادەستیی ئەمریکا بەسەر سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانیدا زیاتر دەسەپێنن.