باڵیۆزخانەی ئەمریکا: حکوومەتی عێراق گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکان ناکات

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن و رایدەگەیەنێت، حکوومەتی عێراق ناتوانێت گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکان بدات.

شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، باڵیۆخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی بە پەلەی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا داوا لە ئەمریکییەکان دەکات سەردانی عێراق نەکەن، چونکە بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانەوە، توای حکوومەتی عێراق بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و کەسانی بیانی سنووردارە، حکوومەت ناتوانێت گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکان بدات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، میلیشیا حووسییەکان هێرش دەکەنە سەر ژێرخانەکانی سعوودیە، ئەگەر هەیە ئەم ئاڵۆزیانە بگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکە، مەترسی گرژبوونی دۆخەکە لە ئارادایە، حکوومەتی عێراق ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بدات ئەگەر توندوتیژی روویدا کۆنترۆڵی بکات، لەبەر ئەوە ئەگەری لەدەستدەرچوونی دۆخەکە هەیە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دووپاتی دەکاتەوە، هاووڵاتییە ئەمریکییەکانی نیشتەجێی عێراق رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، بۆیە کارمەندە ئەمریکییەکان پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەت هەیە تا بتوانن گەشتی عێراق بکەن، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن، رەنگە هێرشی درۆنی لە زۆر جێگا رووبدات.

هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا، داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردبوو، بە هیچ هۆکارێک گەشتی عێراق نەکەن، چونکە توانای حکوومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لەناکاوەکان بە هاووڵاتییانی لەو وڵاتەدا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە سنووردارە.