پۆلیسی ئاکرێ بۆ میدیاکان: زانیاریی نادروست و بێ بنەما بڵاو مەکەنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ لە روونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرای کرد، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری سەرەکیی تاوانی کوشتنەکەی تەنیشت پارکی ئاکرێ دەرچووە؛ هاوکات داوا لە میدیاکان دەکات لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و بێ بنەما خۆیان بەدوور بگرن.

شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو تاوانی کوشتنێک بڵاوکردەوە کە لە تەنیشت پارکی ئاکرێ ئەنجامدرا و، تێیدا رێکارە ئەمنی و یاساییەکانی خۆی بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکە و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی میدیا لەگەڵ رووداوەکەدا خستەڕوو.

پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند: هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە، لە ئامادەباشیی تەواودان و بەردەوامن لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی (کوشتنی بە ئەنقەست) فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هاوکات هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە بە زووترین کات تۆمەتبار دەستبەسەر دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، پۆلیسی ئاکرێ داوای لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکەدا بکەن و لە کاتی روودانی هەر تاوانێکدا، زانیارییەکان تەنیا لە راگەیاندنی فەرمیی پۆلیسەوە وەربگرن. هۆشداریشی دا لەوەی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، پەلە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و بێ بنەما سەبارەت بە شوێن، کات، ژمارە و وردەکاریی پەیوەست بە تاوانەکە و تۆمەتباران نەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ داوای لە هاووڵاتییان کرد لە پێناو پاراستنی دۆخی ئەمنی، هاوکار و هەماهەنگی هێزەکانیان بن و، داوا دەکات هەر کەسێک زانیاریی لە بارەی ئەم تاوانەوە هەیە، لە رێگەی هێڵی بێبەرامبەری ژووری کۆنتڕۆڵی پۆلیسی ئاکرێ بە ژمارە (104) پەیوەندییان پێوە بکات.