مەسرور بارزانی: شانازی دەکەم منیش ئەندامێکی یەکێتیی قوتابییان و لاوان بووم
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوای لە رێکخراوە جەماوەرییەکانی ئافرەتان و قوتابییان و لاوان کرد، پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی لە ئاست گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم سەردەمە بن. دەشڵێت: شانازی دەکەم منیش ئەندامێکی یەکێتیی قوتابییان و لاوان بووم.
پاشنیوەڕی ئەمڕۆ شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، لە شاری دهۆک، لەگەڵ رێکخراوە جەماوەرییەکانی ئافرەتان و قوتابییان و لاوان لە سنووری مەکتەبی رێکخستنی بادینانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی، رۆڵی ئەو رێکخراوانەی بەرز نرخاند و گوتی: "شانازی دەکەم منیش ئەندامێکی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان بووم."
مەسرور بارزانی داواشی لەو رێکخراوانە کرد، کە پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی لە ئاست گۆڕانکارییە خێراکانی ئەم سەردەمە بن و رۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان بگێڕن.