پێشەوا هەورامانی: شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 چڕبوونەتەوە و ئامانج لێی مسۆگەرکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانە؛ لە هەمان کاتدا باسی لە سەردانە مەیدانییەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ پارێزگای دهۆک کرد کە بە مەبەستی بەدواداچوونی راستەوخۆ بۆ گرفت و داواکارییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت.
شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، شاندێکی حکوومەتی هەرێم ئێستا لە بەغدایە و لە گفتوگۆی چڕدایە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق، بە مەبەستی جێگیرکردنی ماف و شایستە دارایییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەناو رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـدا.
گوتەبێژی حکوومەت روونی کردەوە، کە رەشنووسی ئێستای بودجە وەک پێویست لە ئاست چاوەڕوانی و مافەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە، بۆیە شاندی دانوستانکار سوورە لەسەر ئەوەی گۆڕانکاریی پێویستی تێدا بکرێت تاوەکو بگەنە ئەنجامێکی دادپەروەرانە و دڵنیاکەرەوە.
هاوکات ئاشکرای کرد، لە یەک تا دوو رۆژی داهاتوودا، شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەمان پرس.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، پێشەوا هەورامانی تیشکی خستە سەر سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ دەڤەری بادینان و گوتی: چەند رۆژێکە مەسرور بارزانی لە شاری دهۆکە و چەند رۆژێکی دیکەش لە دەڤەرەکە دەمێنێتەوە، بە مەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە و بە وردی گوێ لە داواکاری و سەرنجەکانی سەرجەم چین، توێژ و پێکهاتە جیاوازەکان بگرێت.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەت ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای دهۆک ئەنجام دا و تێیدا جەختی کردەوە کە ئامانجی سەردانەکەیان، ئاگاداربوونە لە کێشە و پێداویستییەکان و دۆزینەوەی باشترین میکانیزمە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی ناوچەکە.
پێشەوا هەورامانی رایگەیاند: سەرۆکوەزیران بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ تاوتوێکردنی هەموو ئەو داخوازییانەی لە لایەن چین و توێژەکانی دهۆک و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکە خراونەتە روو. هاوکات دڵنیایی دا کە حکوومەت بە هەموو توانای خۆیەوە ئەو داواکارییانە بە هەند وەردەگرێت و لە چوارچێوەی دەسەڵات و تواناکانیدا هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات.