تەواوی هێزە ئەمنییەکانی بەغدا خرانە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی

هاوکات لەگەڵ ترسی دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان، دەسەڵاتدارانی بەغدا تەواوی مۆڵەتی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیان هەڵوەشاندەوە و سەرجەم دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی پایتەختیان خستە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە.

شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پێشهاتێکی ئەمنیی چاوەڕوانکراودا و لە ترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە پایتەختی عێراق، تەواوی دەزگا ئەمنییەکان لە بەغدا خرانە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، دەسەڵاتدارانی ئەمنیی عێراق بڕیاریان داوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم مۆڵەتەکانی پشوو بۆ هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانیان بانگ کردووەتەوە بۆ سەر کارەکانیان.

ئەم رێوشوێنە چڕە دەزگای دژەتیرۆری عێراق، فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی و تەواوی یەکەکانی پۆلیسی ناوخۆ دەگرێتەوە، بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان بە تەواوی کەرەستە و هێزەوە لە شەقام و چوارڕێیانە سەرەکییەکانی شارەکەدا.

ئەم جموجۆڵ و ئامادەباشییە توندەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە کاتێکدایە، لایەنگران و چالاکوانانی تشرینییەکان لە چەند رۆژی رابردووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەواز بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی فراوان دەکەن بە بۆنەی ساڵیادی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی 2019. لایەنە ئەمنییەکانیش دەیانەوێت لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی پێشوەختەی مەیدانە سەرەکییەکان، رێگری لە هەر گردبوونەوە و ئاڵۆزییەکی ئەمنی بکەن.