پەیامنێری کوردستان24: کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا ئەرێنی بوو
کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق لە کەشێکی ئەرێنیدا کۆتایی هات؛ هاوکات لەگەڵ پێدانی دڵنیایی لەبارەی خەرجکردنی مووچەی ساڵی 2027ـی فەرمانبەرانی هەرێم، هەردوو پرسی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنی نەوت بە هەڵپەسێردراوی مانەوە و بڕیارە شاندێکی حکوومەتی فیدراڵ بۆ یەکلاییکردنەوەیان سەردانی هەولێر بکات.
شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە بەغدا کۆتایی هات و کەشی گفتوگۆکان ئەرێنی بووە، هەرچەندە تا ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا نەکراوە.
پەیامنێرەکە رایگەیاند: لە میانی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی داوەتە شاندی هەرێم کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2027 رووبەڕووی هیچ کۆسپ و لەمپەرێک نابێتەوە و هاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی فیدراڵ لە وادەی خۆیدا خەرج دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای کەشە ئەرێنییەکە، هێشتا دوو دۆسیەی سەرەکی بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە؛ یەکەمیان پرسی رادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستانە، دووەمیشیان پرسی هەناردەکردن و بڕی نەوت و گازی بەرهەمهێنراوی هەرێمە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، بڕیارە سبەی یان دووسبەی، شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق سەردانی هەولێر بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت و دیاریکردنی قەبارەی ئەو بڕە نەوتەی مانگانە لە لایەن هەرێمەوە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆببنەوە و ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.
دیلان بارزان ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لەم هەفتەیەدا رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بکرێت بۆ دەنگدان لەسەری، دواتریش بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی؛ لەو چوارچێوەیەشدا چاوەڕوان دەکرێت پێش تەواوبوونی ئەو قۆناخانە، هەولێر و بەغدا بگەنە لێکتێگەیشتن یان رێککەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵە ناکۆکەکان.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی رۆژی هەینی، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا. شاندەکە لە بەرپرسانی باڵای دارایی، یاسایی و کارگێڕی پێکهاتبوون، لەوانە: سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هاوکات بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.